Ezekiel 15 (BOKSSV)
1 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە بەراورد لەگەڵ لقی هەر دارێک لەو دارانەی لە دارستاندان، لقی دار مێو چییە؟ 3 ئایا دار لەم لقە دەبردرێت بۆ دروستکردنی هەر شتێک لە هەر کارێک، یان سنگۆلکەی دیواری لێ دروستبکەن بۆ ئەوەی کەلوپەلێکی پێدا هەڵبواسن؟ 4 دوای ئەوەی دەبێت بە خۆراکی ئاگر و ئاگر لە هەردوو سەرەوە دەیخوات و ناوەڕاستەکەی دەسووتێنێت، ئایا ئیتر بە کەڵکی هیچ شتێک دێت؟ 5 ئەو کاتەی کە ساغ بوو بە کەڵکی هیچ نەدەهات، دوای ئەوەی ئاگر خواردی و سووتا ئیتر چۆن بە کەڵک دێت؟ 6 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: وەک لقی دار مێو لەنێو لقەکانی دارستان، ئەوەی کردم بە خۆراکی ئاگر، ئاواش لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکەم. 7 ڕووی خۆم لەوان وەردەگێڕم. هەرچەندە لە ئاگر هاتوونەتە دەرەوە، بەڵام ئاگرەکە دەیانخوات. کاتێک ڕووی خۆم لەوان وەردەگێڕم، ئەوا ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 8 خاکەکە وێران دەکەم، چونکە ناپاکییان لەگەڵ کردم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»