Psalms 95 (BOKSSV)
1 وەرن، هەلهەلە بۆ یەزدان لێبدەین،هاواری شادی بکەین بۆ تاشەبەردی ڕزگاریمان. 2 بە ستایشەوە بچینە بەردەمی،بە مۆسیقاوە هاواری شادی بۆ بکەین. 3 لەبەر ئەوەی یەزدان خودایەکی گەورەیە،پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە. 4 قووڵاییەکانی زەوی بە دەستە ولووتکەی شاخەکان هی ئەون. 5 دەریا هی ئەوە و ئەو دروستی کردووە،بە دەستی خۆی شێوەی وشکانیی پێکهێنا. 6 وەرن، کڕنۆشی بۆ ببەین و بیپەرستین،لەبەردەم یەزدانی دروستکەرمان چۆک دابدەین، 7 چونکە ئەو خودامانە وئێمە گەلی لەوەڕگاکەی ئەوین،مەڕی دەستی ئەوین. ئەگەر ئەمڕۆ گوێتان لە فەرمایشتی یەزدان بێت کە دەفەرموێت: 8 «دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە مەریبا ڕوویدا،وەک ئەو ڕۆژە لە مەسا لە بیابان، 9 لەوێ باوباپیرانتان تاقییان کردمەوە،هەرچەندە کردارەکانی منیان بینی،بەڵام هەر تاقییان کردمەوە. 10 چل ساڵ لەو نەوەیە تووڕە بووم،فەرمووم: ”ئەمانە گەلێکن دڵیان گومڕا بووە وڕێگای منیان نەناسی.“ 11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:”نایەنە ناو حەسانەوەی من.“»