Psalms 114 (BOKSSV)
1 کاتێک ئیسرائیل لە میسر هاتنە دەرەوە،بنەماڵەی یاقوب لەنێو گەلێکی نامۆ زمان دەرچوون، 2 یەهودا بووە پیرۆزگای خودا،ئیسرائیل بووە جێی فەرمانڕەوایەتی. 3 دەریا بینی و هەڵات،ڕووباری ئوردون بەرەو پاش کشایەوە. 4 چیاکان وەک بەران بازیان دا،گردەکان وەک بەرخۆلە. 5 چیتە ئەی دەریا، بۆ وا هەڵدێیت؟ئەی ئوردون، بۆ بەرەو پاش دەکشێیتەوە؟ 6 ئەی چیاکان، بۆ وەک بەران باز دەدەن وئێوەش ئەی گردەکان، وەک بەرخۆلە؟ 7 ئەی زەوی لەبەردەم پەروەردگار بلەرزە،لەبەردەم خودای یاقوب، 8 ئەوەی بەردی کرد بە گۆمی ئاو،بەردەئەستێی کردە کانیاو.