Psalms 58 (BOKSSV)
undefined بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داود. 1 ئەی فەرمانڕەوایان، ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟ 2 بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن،هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات. 3 بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان،لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن. 4 ژەهریان وەک ژەهری مارە،وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە، 5 کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت،هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن. 6 ئەی خودایە، ددانیان لە دەمیان بشکێنە،ئەی یەزدان، کەڵبەی شێران وردوخاش بکە! 7 با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن،با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن. 8 وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات،وەک منداڵی لەبارچوو، با خۆر نەبینن. 9 پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن،چ تەڕ بن چ وشک بن، خراپەکانیان ڕادەماڵرێت. 10 کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت،پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا. 11 ئینجا خەڵکی دەڵێن:«بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە،بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.»