Psalms 115 (BOKSSV)
1 بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا،بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە،لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت. 2 بۆچی نەتەوەکان بڵێن:«کوا، خودایان لەکوێیە؟» 3 خودامان لە ئاسمانە،هەرچی حەز بکات، دەیکات. 4 بتەکانیان زێڕ و زیون،دەستکردی مرۆڤن. 5 دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،چاویان هەیە، بەڵام نابینن، 6 گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن، 7 دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن،پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن،دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە. 8 دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن. 9 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن.ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. 10 ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن.ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. 11 ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن.ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. 12 یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات،بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت،بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت. 13 بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە،گەورە و بچووکیش. 14 با یەزدان هەر زیادتان بکات،ئێوە و منداڵەکانتان. 15 با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن،دروستکەری ئاسمان و زەوی. 16 ئاسمان ئاسمانی یەزدانە،زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە. 17 نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن،نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی، 18 بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین،لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. هەلیلویا!