Psalms 60 (BOKSSV)
undefined بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر گوڵی سەوسەنی پەیمان. پاڕانەوەیەکی داودە بۆ فێرکردن. کاتی شەڕکردنی لەگەڵ ئارامییەکانی دوو ڕووبار و ئارامییەکانی چۆڤا، هەروەها کاتێک یۆئاب گەڕایەوە و لە دۆڵی خوێ دوازدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت. 1 ئەی خودایە، ئێمەت ڕەتکردەوە و ئێمەت شکاند،تۆ تووڕە بووی، ئێستا بمانگەڕێنەوە! 2 تۆ زەویت لەرزاند و شەقت کرد،شکاوییەکانی چاک بکەرەوە، چونکە لەرزۆکە. 3 کاتی سەختت نیشانی گەلەکەت دا،بادەی سەرگەردانیت پێمان نۆشی. 4 بەڵام بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە، ئاڵات هەڵکرد،بۆ ئەوەی لە دژی تیری دوژمنان بشەکێتەوە. 5 بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت. 6 خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:«بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم ودۆڵی سوکۆت دەپێوم. 7 گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە،ئەفرایم کڵاوی منە،یەهودا داری دەسەڵاتی منە، 8 مۆئاب دەستشۆرمە،پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.» 9 کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟ 10 ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە وئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟ 11 یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە. 12 لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.