Psalms 46 (BOKSSV)
undefined بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک بە شێوەی عەلامۆت. 1 خودا پەناگا و هێزمانە،لە تەنگانەدا بەهاناوە دێت. 2 بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت،ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە، 3 ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات،چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن. 4 ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا شاد دەکات،ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە. 5 خودا لەناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت،لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت. 6 نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون،خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە. 7 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،خودای یاقوب پەناگامانە. 8 وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن،ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە. 9 جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان،کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات،گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت. 10 «هێوربنەوە، بزانن کە من خودام،لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە،لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.» 11 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،خودای یاقوب پەناگامانە.