Psalms 96 (BOKSSV)
1 گۆرانی بڵێن بۆ یەزدان، گۆرانییەکی نوێ،گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ئەی هەموو زەوی. 2 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشی ناوی بکەن،ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن. 3 لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن،لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی. 4 یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە،سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە، 5 چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن،بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە. 6 شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان،هێز و جوانی لە پیرۆزگاکەیدان. 7 ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن،ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن. 8 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،دیاری بهێنن و وەرنە ناو حەوشەی ماڵەکەی. 9 کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە،ئەی هەموو خەڵکی زەوی، لەبەردەمی بلەرزن. 10 لەنێو نەتەوەکان بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت،بە دادپەروەری حوکم بەسەر گەلاندا دەدات.» 11 با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت،با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن، 12 با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان گۆرانی دەڵێن، 13 لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت،دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،دادوەری جیهان دەکات، بە ڕاستودروستی،گەلانیش بە دڵسۆزی.