Zechariah 5 (BOKSSV)
1 دیسان چاوم هەڵبڕی و تۆمارێکی فڕیوم لەبەردەمم بینی. 2 لێی پرسیم: «چی دەبینیت؟»وەڵامم دایەوە: «تۆمارێکی فڕیو دەبینم، درێژییەکەی بیست باڵە و پانییەکەشی دە باڵە.» 3 ئینجا پێی گوتم: «ئەمە ئەو نەفرەتەیە کە بۆ سەر ڕووی هەموو زەوی دێت؛ چونکە بەپێی ڕووێکی هەموو دزێک دوور دەخرێتەوە و بەپێی ڕووەکەی دیکە هەموو ئەوەی بە درۆ سوێند بخوات دوور دەخرێتەوە. 4 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”من دەینێرم و دەچێتە ماڵی دز و ماڵی ئەوەی بە درۆ سوێند بە ناوی من دەخوات، لەو ماڵەدا دەمێنێتەوە، بە تەواوی لەگەڵ دار و بەردەکەی لەناوی دەبات.“» 5 پاشان ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم، هاتە پێشەوە و پێی فەرمووم: «چاوت هەڵبڕە و ببینە ئەوە چییە دەردەکەوێت.» 6 لێم پرسی: «ئەوە چییە؟»وەڵامی دامەوە: «ئەوە ئەو سەبەتەیەیە کە دەردەکەوێت.» هەروەها گوتی: «ئەمەش تاوانەکەیانە کە لە هەموو زەوییە.» 7 ئیتر قەپاغە قورقوشمەکە هەڵگیرا، ژنێکم بینی لەناو سەبەتەکە دانیشتبوو. 8 گوتی: «ئەمە خراپەکارییە.» ئینجا بۆ ناوەڕاستی سەبەتەکە پاڵی پێوەنا و قەپاغە قورقوشمەکەی خستە سەر دەمی. 9 ئینجا چاوم هەڵبڕی و بینیم لەبەردەمم دوو ژن هاتنە دەرەوە و با لە باڵەکانیان دەدات. باڵەکانیان وەک باڵی لەقلەق بوو، ئینجا سەبەتەکەیان بۆ نێوان زەوی و ئاسمان بەرزکردەوە. 10 لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «سەبەتەکە بۆ کوێ دەبەن؟» 11 ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لە خاکی بابل ماڵێکی بۆ بنیاد بنێن و کە ئامادە بوو لەوێ لە شوێنی خۆی دادەنرێت.»