Job 16 (BOKSSV)
1 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە: 2 «زۆرم لەمانە گوێ لێ بووە،هەموو دڵنەواییەکەتان بریندارکەرن! 3 ئایا قسەی پووچ کۆتایی هەیە؟یان چی دەتوروژێنێت هەتا وەڵام بدەیتەوە؟ 4 منیش وەک ئێوە قسەم دەکرد،ئەگەر ئێوە لە جێی من بوونایە؛قسەم بۆ دەگێڕانەوە وسەرم لە ئاستتان دەلەقاند. 5 بەڵام بە دەم هانم دەدان وجوڵەی لێوەکانم ڕایدەگرتن. 6 «ئەگەر قسە بکەم لە خەمۆکیەکەم کەم نابێتەوە،ئەگەر بێدەنگیش بم لێم دوور ناکەوێتەوە. 7 ئەی خودایە، بێگومان تۆ بێزارت کردووم،هەموو کەسوکارەکەی منت لەناوبردووە. 8 سستت کردم، سستییەکەم بووە شایەت،لاوازییەکەم لێم هەستاوە، بەرەوڕوو شایەتیم لەسەر دەدات. 9 تووڕەییەکەی پەلاماری دام و منی چەوساندەوە،ددانەکانی لێم جیڕکردەوە،دوژمنەکەم چاوی تێبڕیوم. 10 خەڵک دەمیان لێ داچەقاندووم،بە گاڵتەپێکردنەوە زللەیان لێدەدام،پێکەوە گەلەکۆمەیان لێکردم. 11 خودا منی دایە دەست زۆردار وفڕێیدامە نێو دەستی خراپەکارەوە. 12 من ئاسوودە بووم و ئەو جێی لەق کردم،پشتەملی گرتم و وردوخاشی کردم.منی کرد بە نیشانی خۆی؛ 13 تیرهاوێژەکانی دەوریان دام.جەرگی بڕیم و دڵی نەسووتا،زراوی منی بەسەر زەویدا ڕشت. 14 جار لەدوای جار شەقم دەکات،وەک جەنگاوەرێک هێرش دەکاتە سەرم. 15 «جلوبەرگی گوشم بە پێستمەوە دووری وخۆڵەمێشم بە سەری خۆمدا کرد. 16 دەموچاوم لەبەر گریان سوور هەڵگەڕا وڕەشی بەسەر پێڵوی چاومدا هات. 17 لەگەڵ ئەوەی زۆرداری لە دەستی مندا نییە ونوێژەکەم بێگەردە. 18 «ئەی زەوی، خوێنەکەم دامەپۆشە،با جێیەک نەبێت بۆ هاوارم! 19 ئەوەتا لە ئێستاوە شایەتەکەم لە ئاسمانە،پارێزگارەکەم لە بەرزاییەکانە، 20 ئەو هاوڕێمە و داکۆکیم لێ دەکات.کاتێک لەبەردەم خودا چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن، 21 ئەو لە پێناوی پیاوێک لە خودا دەپاڕێتەوە،وەک پاڕانەوەی کەسێک بۆ هاوڕێکەی. 22 «تەمەنم کورتە و بەسەردەچێت،لە ڕێگایەکدا دیلم کە لێی ناگەڕێمەوە.