Psalms 112 (BOKSSV)
1 هەلیلویا! خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت،بە ڕاسپاردەکانی زۆر دڵخۆشە. 2 وەچەی لەسەر زەوی بەهێز دەبن،نەوەی سەرڕاستان بەرەکەتدار دەبن. 3 سامان و دەوڵەمەندی لە ماڵیەتی،ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە. 4 لە تاریکیدا ڕووناکی بۆ سەرڕاستان درەوشایەوە،بۆ ئەوانەی کە میهرەبان و بە بەزەیی و ڕاستودروستن. 5 چاک دەبێت بۆ ئەو کەسەی کە دڵفراوانە و قەرز دەدات،بە دادپەروەرییەوە ئیشوکاری خۆی ڕادەپەڕێنێت. 6 بێگومان پیاوچاک هەتاهەتایە نالەقێت،هەتاهەتایە یادی دەکرێتەوە. 7 لە بیستنی هەواڵی خراپ ناترسێت،دڵی پتەوە، پشتی بە یەزدان بەستووە. 8 دڵی چەسپاوە و ناترسێت،لە کۆتاییدا سەرکەوتوو دەبێت و شکستی دوژمنانی دەبینێت. 9 بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە،ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە،بە ڕێزەوە شکۆمەندییەکەی بەرز دەبێتەوە. 10 بەدکار ئەمە دەبینێت و بێزار دەبێت،ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و دەتوێتەوە،ئارەزووی بەدکاران لەناودەچێت.