Amos 7 (BOKSSV)
1 یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گژوگیا شێوەی کوللەی دەکێشا، گژوگیاکە پاش دروێنەی بەشەکەی پاشایە. 2 پاش ئەوەی لە خواردنی گژوگیای خاکەکە بووەوە، گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە ببەخشە! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!» 3 یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە و فەرمووی: «ئەمە ڕوونادات.» 4 یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام: ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بۆ دادگاییکردن بە ئاگر بانگەشەی کرد، ئاگرەکە دەریا گەورەکەی ژێر زەوی لووشدا، خاکەکەشی خوارد. 5 ئینجا گوتم: «یەزدانی باڵادەست، تکایە با بەس بێت! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!» 6 یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە.یەزدانی باڵادەست فەرمووی: «هەروەها ئەمەش ڕوونادات.» 7 ئاوای پیشان دام: پەروەردگار لەسەر دیوارێکی دروستکراو ڕاوەستاوە و شاووڵێکی لەدەست بوو. 8 یەزدان پێی فەرمووم: «ئامۆس تۆ چی دەبینیت؟»منیش گوتم: «شاووڵ.»ئینجا پەروەردگار فەرمووی: «ئەوەتا من شاووڵێک لەناوەڕاستی ئیسرائیلی گەلمدا دادەنێم، پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم! 9 «نزرگەکانی ئیسحاق لەسەر بەرزاییەکان چۆڵ دەبن وپیرۆزگاکانی ئیسرائیل وێران دەبن،بە شمشێرەوە هەڵدەکوتمە سەر ماڵی یارۆڤعام.» 10 جا ئەمەسیای کاهینی بێتئێل پەیامی بۆ یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل نارد و گوتی: «ئامۆس لەناوەڕاستی ماڵی ئیسرائیلدا پیلانی لە دژت گێڕاوە، خاکەکە ناتوانێت بەرگەی هەموو قسەکانی بگرێت،» 11 چونکە ئامۆس وای گوتووە:«”یارۆڤعام بە شمشێر دەکوژرێت،ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆیبێگومان ڕاپێچ دەکرێت.“» 12 ئینجا ئەمەسیا بە ئامۆسی گوت: «ئەی پێشبینیکەر، بڕۆ ڕابکە بۆ خاکی یەهودا، لەوێ نان بخۆ و لەوێ پێشبینی بکە. 13 بەڵام چیتر لە بێتئێل پێشبینی مەکە، چونکە پیرۆزگای پاشایە و پەرستگای پاشایەتییە.» 14 ئامۆسیش وەڵامی دایەوە و بە ئەمەسیای گوت: «من پێغەمبەر نەبووم و کوڕی پێغەمبەریش نیم، بەڵکو من گاوانم و باخەوانی دار هەنجیری کێویم. 15 بەڵام یەزدان لەسەر مێگەلەکەوە هەڵیگرتم، یەزدان پێی فەرمووم: ”بڕۆ پێشبینی بۆ ئیسرائیلی گەلی من بکە.“ 16 ئێستاش گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، تۆ دەڵێیت:«”پێشبینی لەسەر ئیسرائیل مەکە،لێدووان لە دژی بنەماڵەی ئیسحاق مەدە.“ 17 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:«”ژنەکەت لە شاردا لەشفرۆشی دەکات،کوڕ و کچەکانت بە شمشێر دەکوژرێن،زەوییەکەت بە گوریس دابەش دەکرێت،خۆشت لەسەر خاکێکی گڵاودا دەمریت،ئیسرائیلیش لە خاکەکەی خۆیبە دیلی ڕاپێچ دەکرێت.“»