Psalms 10 (BOKSSV)
1 ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟ 2 بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن،گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن. 3 کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات،داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات. 4 بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە،هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.» 5 هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە،لە حوکمەکانی خودا ناگات،ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت. 6 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت،هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.» 7 دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە،بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی. 8 لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت،خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان. 9 وەک شێر خۆی مات دەکات،خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان،بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات. 10 نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن،دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە. 11 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە،چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.» 12 ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە،ستەملێکراوان لەبیر مەکە. 13 چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟» 14 بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت،لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە،ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ،تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت. 15 بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە،تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن. 16 یەزدان پاشایە هەتاهەتایە،نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن. 17 ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت،دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت، 18 بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان،تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.