Job 20 (BOKSSV)
1 چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە: 2 «لەبەر جۆشانی ناخم،بیرکردنەوەکانم هانم دەدەن وەڵام بدەمەوە. 3 گوێم لە سەرزەنشتەکانی تۆ دەبێت کە سووکایەتیم پێ دەکەیت،ڕۆحی تێگەیشتنم وام لێ دەکات وەڵام بدەمەوە. 4 «ئایا لە کۆنەوە ئەمەت نەزانیوە،لەو کاتەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی دانراوە؟ 5 هاواری خۆشی خراپەکاران کورتە وخۆشی خوانەناس بۆ ساتێکە. 6 هەرچەندە لووتبەرزی خوانەناس بگاتە ئاسمان وسەریشی لە هەور بدات، 7 بەڵام وەک تەپاڵە خۆی بۆ هەتاهەتایە لەناودەچێت وئەوانەی بینیویانە دەڵێن: ”کوا؟“ 8 وەک خەون دەفڕێت و ئیتر نامێنێت،وەک مۆتەکەیەک دەردەکرێت. 9 چاوێک کە بینیویەتی دیسان نایبینێتەوە،جارێکی دیکە شوێنەکەشی نابینرێت. 10 کوڕەکانی هەوڵ دەدەن هەژاران ڕازی بکەن؛دەستەکانی سامانەکەی دەدەنەوە. 11 ئێسکەکانی پڕ لە گەنجیێتین،بەڵام ئەو گەنجیێتییە لەگەڵیدا لەناو خاک ڕادەکشێت. 12 «کە خراپە لەناو دەمی شیرین بێت ولەژێر زمانی بیشارێتەوە، 13 دڵی پێی سووتاو و بەجێی نەهێشت،بەڵکو لەناو گەرویدا بەندی کرد، 14 بەڵام نانەکەی لەناو ڕیخۆڵەکانی دەگۆڕێت،دەبێتە تاڵی ژەهری مار لەناو سکی. 15 سامانێکی قووت دا و دەیڕشێنێتەوە؛خودا لەناو سکی وەدەری دەنێت. 16 ژەهری مار دەمژێت؛زمانی مار دەیکوژێت. 17 جۆگەکان نابینێت،ڕووبارە ڕۆیشتووەکانی هەنگوین و قەیماغ. 18 بەری ماندووبوونەکەی دێنێتەوە و قووتی نادات،لە قازانجی بازرگانییەکەی خۆشی نابینێت. 19 لەبەر ئەوەی هەژارانی وردوخاش کرد و بەجێی هێشتن؛دەستی بەسەر ماڵێکدا گرت کە بنیادی نەنابوو. 20 «بێگومان لە ناخیدا نەیزانی بەس چییە؛ئەوەی ئارەزووی دەکات دەربازی ناکات. 21 خواردنەکەی پاشماوەی نییە؛ئیتر خێروخۆشییەکەی بەردەوام نابێت. 22 لەوپەڕی سەڵتەنەتیدا تووشی تەنگانە دەبێت،دەستی هەموو ڕەنجدەرێکی دێتە سەر. 23 لە کاتێکدا سکی خۆی پڕ دەکات،خودا گڕی تووڕەیی خۆی بۆ دەنێرێت ووەکو باران بەسەریدا دەیبارێنێت. 24 لە چەکی ئاسنەوە ڕادەکات وتیری بڕۆنز دەیبڕێت. 25 تیرەکەی ڕاکێشا و لە پشتییەوە هاتە دەرەوە،نووکی بریسکەدار زراوی بڕی.ترسی بەسەرەوەیە؛ 26 هەموو تاریکییەک بۆ گەنجینەکانی شاردراوەتەوە.ئاگرێک دەیخوات فووی لێ نەکراوە،ئەوەی لە چادرەکەی مابێتەوە لووشی دەدات. 27 ئاسمان تاوانەکەی ئاشکرا دەکات،زەوی لێی ڕادەپەڕێت. 28 لەو ڕۆژەی کە خودا تووڕەییەکەی دەبارێنێت،لافاوێک ماڵەکەی دەبات. 29 ئەمە بەشی کەسی خراپە لە خوداوە،میراتی دیاریکراوە لە خوداوە.»