Proverbs 31 (BOKSSV)
1 قسەی لەموئێلی پاشا، ئەو سروشەی کە دایکی فێری کرد: 2 گوێ بگرە ڕۆڵە! گوێ بگرە، ڕۆڵەی هەناوم!گوێ بگرە ڕۆڵە، ڕۆڵەی نەزرەکانم! 3 هێزت مەدە ژنان،ڕێگاکانیشت مەدە ژنانی لەناوبەری پاشایان. 4 ئەی لەموئێل، بۆ پاشایان نییە،بۆ پاشایان نییە شەراب بنۆشن،بۆ میرانیش نییە ئارەزووی ئارەق بکەن، 5 نەوەک بخۆنەوە و یاسا لەبیر بکەن،مافی ستەملێکراوان زەوت بکەن. 6 ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت،شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە. 7 با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات،ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد. 8 بەرگری لە مافی ئەو کەسانە بکە کە ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن،بۆ مافی هەموو دەربەدەران. 9 دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە،پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە. 10 کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟نرخی لە یاقووت گرانترە. 11 مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت ولە هیچی کەم نابێت. 12 ژنەکە بە درێژایی ژیانیچاکە دێنێتە سەر ڕێی نەک خراپە. 13 خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت،بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات. 14 وەک کەشتی بازرگان وایە،خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت. 15 هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت،خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات وئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات. 16 لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت،بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت. 17 ناوقەدی توند دەبەستێت وبازووی لێ هەڵدەکات. 18 دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە،بە شەو چرای ناکوژێتەوە. 19 خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت وتەشی لەناو لەپیدایە. 20 دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە ودەست درێژ دەکات بۆ نەداران. 21 ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر،چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان لەبەردایە. 22 چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات،کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات. 23 مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە،لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت. 24 ژنەکە کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت،پشتێن بۆ بازرگانان دابین دەکات. 25 هێز و ڕێز بەرگی ئەون،پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئایندە. 26 دەمی بە دانایی دەکاتەوە وفێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی. 27 چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات،نانی تەمبەڵی ناخوات. 28 منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن،مێردەکەشی ستایشی دەکات: 29 «زۆر ژن خانەدان بوونە،بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.» 30 شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە،بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت. 31 ڕەنجی شانی خۆی پێ بدەن وبا کردەوەکانی لەبەر دەروازەکانی شاردا ستایشی بکەن.