1 Samuel 28 (BOKSSV)
1 ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا فەلەستییەکان سوپاکانیان بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل کۆکردەوە، جا ئاخیش بە داودی گوت: «دڵنیابە، خۆت و پیاوەکانت لە سوپاکەدا لەگەڵ من دەبن.» 2 داودیش بە ئاخیشی گوت: «ئینجا دەزانیت خزمەتکارەکەت چی دەکات.»ئاخیش بە داودی گوت: «لەبەر ئەوە بە درێژایی ژیانت دەتکەمە پاسەوانی ژیانم.» 3 کاتێک ساموئێل مردبوو و هەموو ئیسرائیل شیوەنیان بۆ گێڕا، لە ڕامە لە شارۆچکەکەی خۆی ناشتیان. لەو ماوەیەدا شاول نێوانگر و ڕۆح ئامادەکارەکانی لە خاکەکە دوورخستبووەوە. 4 لەو کاتەدا فەلەستییەکان کۆبوونەوە و هاتن و لە شونێم خێوەتگایان هەڵدا، شاولیش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە گلبۆع خێوەتگایان هەڵدا. 5 جا شاول کە سوپای فەلەستییەکانی بینی ترسا و دڵی زۆر شڵەژا. 6 کاتێک شاول پرسیاری لە یەزدان کرد، یەزدان نە بە خەون و نە بە ئوریم و نە بە پێغەمبەرەکان وەڵامی نەدایەوە. 7 لەبەر ئەوە شاول بە خزمەتکارەکانی گوت: «بەدوای ژنێکی نێوانگردا بۆم بگەڕێن، هەتا بچمە لای و پرسیاری لێ بکەم.»خزمەتکارەکانیشی پێیان گوت: «ژنێکی نێوانگر لە کانی دۆر هەیە.» 8 ئینجا شاول دەموچاوی خۆی گۆڕی و جلێکی دیکەی لەبەرکرد، دوو پیاوی لەگەڵ خۆی برد و بە شەو چوو بۆ لای ژنەکە، پێی گوت: «تکایە بەهۆی جنۆکەوە ڕۆح ئامادەکاریم بۆ بکە، ئەو کەسەم بۆ دەربخە کە پێتی دەڵێم.» 9 بەڵام ژنەکە پێی گوت: «خۆت دەزانیت شاول چی کردووە و چۆن نێوانگر و ڕۆح ئامادەکارەکانی لە خاکەکە بڕیوەتەوە، ئیتر بۆچی داو بۆ ژیانم دەنێیتەوە هەتا بکوژرێم؟» 10 شاولیش بە یەزدان سوێندی بۆ خوارد و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، لەم کارەدا هیچ سزایەکت نادرێتە پاڵ.» 11 جا ژنەکە گوتی: «کێت بۆ دەربخەم؟»ئەویش گوتی: «ساموئێلم بۆ دەربخە.» 12 کە ژنەکە ساموئێلی بینی بە دەنگێکی بەرز قیژاندی و بە شاولی گوت: «بۆچی هەڵتخەڵەتاندم؟ تۆ شاولیت.» 13 پاشاش پێی گوت: «مەترسە، چیت بینی؟»ژنەکە بە شاولی گوت: «ڕۆحێکم بینی لە زەوییەوە سەردەکەوت.» 14 ئەویش پێی گوت: «شێوەی چۆنە؟»ژنەکە گوتی: «پیرەمێردێکە سەردەکەوێت و کەوایەکی لەبەردایە.»جا شاول زانی ئەوە ساموئێلە، سەری دانەواند و کڕنۆشی برد. 15 ساموئێل بە شاولی گوت: «بۆچی ڕاتچڵەکاندم و سەرت خستم؟»شاولیش گوتی: «زۆر لە تەنگانەدام. فەلەستییەکان لە دژم دەجەنگن و خوداش لێم جیا بووەتەوە و چیدی وەڵامم ناداتەوە، نە بەهۆی پێغەمبەرەکانەوە و نە بە خەون، منیش بانگم کردیت هەتا پێم بڵێی چی بکەم.» 16 ساموئێلیش گوتی: «بۆچی پرسیارم لێ دەکەیت لە کاتێکدا یەزدان لێت جیا بووەتەوە و بووە بە دوژمنت؟ 17 یەزدان ئەوەی بۆ داود کرد، کە لە ڕێگەی منەوە فەرمووی. یەزدان پاشایەتییەکەی لەژێر دەستت دەرهێنا و دای بە نزیکەکەت، کە داودە. 18 وەک چۆن گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت و گڕی تووڕەیی ئەوت بەسەر عەمالێقییەکاندا نەباراند، لەبەر ئەوە یەزدان ئەمڕۆ ئەمەی بەسەرت هێناوە. 19 هەروەها یەزدان، ئیسرائیلیش لەگەڵ تۆدا بە دەست فەلەستییەکانەوە دەدات، سبەینێ خۆت و کوڕەکانت لەگەڵ مندا دەبن، هەروەها یەزدان سوپای ئیسرائیلیش بەدەست فەلەستییەکانەوە دەدات.» 20 شاول دەستبەجێ بە درێژایی خۆی کەوتە سەر زەوی و زۆر لە قسەکانی ساموئێل ترسا. هیچ هێزی تێدا نەما، چونکە بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە هیچ خواردنێکی نەخواردبوو. 21 کاتێک ژنەکە هاتە لای شاول و بینی زۆر پەشۆکاوە، پێی گوت: «ئەوەتا کەنیزەکەت گوێڕایەڵی فەرمانت بوو و ژیانی خۆمم خستە ناو لەپی دەستمەوە و گوێم لەو قسەیەت گرت کە پێت گوتم. 22 ئێستا تۆش گوێ لە کەنیزەکەت بگرە، پارچەیەک نان لەبەردەمتدا دادەنێم و بیخۆ، بۆ ئەوەی هێزت تێدابێت کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیت.» 23 ئەویش ڕازی نەبوو و گوتی: «ناخۆم.»بەڵام دوو خزمەتکارەکەی و ژنەکەش زۆریان لێکرد، ئەویش گوێی لێیان گرت و لەسەر زەوییەکە هەستا و لەسەر جێگاکە دانیشت. 24 ژنەکە جوانەگایەکی قەڵەوی لە ماڵەوە هەبوو، بە پەلە سەری بڕی و ئاردی برد و کردی بە هەویر و نانی فەتیرەی کرد. 25 پاشان لەبەردەم شاول و دوو خزمەتکارەکەیدا داینا و خواردیان. ئینجا هەستان و لەو شەوەدا ڕۆیشتن.