2 Chronicles 29 (BOKSSV)
1 حەزقیا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی ئەبیای کچی زەکەریا بوو. 2 بە هەمان شێوەی داودی باپیرە گەورەی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی. 3 لە یەکەم مانگی ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی چاککردەوە و دەرگاکانی کردەوە. 4 کاهین و لێڤییەکانی بردە ژوورەوە و لە گۆڕەپانەکەی ڕۆژهەڵاتدا کۆی کردنەوە و 5 پێی گوتن: «ئەی لێڤییەکان گوێم لێ بگرن، ئێستا خۆتان تەرخان بکەن و پەرستگای یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان تەرخان بکەن. گڵاوی لە پیرۆزگا دەربکەن، 6 چونکە باوباپیرانمان ناپاکییان کرد و لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارمان خراپەکارییان کرد و بەجێیان هێشت. ڕوویان لە نشینگەی یەزدان وەرگێڕا و پشتیان تێکرد، 7 هەروەها دەرگاکانی هەیوانەکەیان داخست و چراکەیان کوژاندەوە و بخووریان نەسووتاند و هیچ قوربانی سووتاندنیان لە پیرۆزگادا بۆ خودای ئیسرائیل نەکرد. 8 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر یەهودا و ئۆرشەلیمدا هاتە خوارەوە، ئەویش کردنی بە پەند و مایەی سەرسوڕمان و تانە و تەشەر، هەروەک بە چاوی خۆتان دەیبینن. 9 لەبەر ئەمە باوباپیرانمان بە شمشێر کوژران و کوڕ و کچ و ژنەکانمان دیلن. 10 ئێستاش لە دڵمدایە پەیمانێک لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ببەستم، بەڵکو گڕی تووڕەییەکەی لە ئێمە دابمرکێتەوە. 11 کوڕەکانم، ئێستا کەمتەرخەمی مەکەن، چونکە یەزدان ئێوەی هەڵبژارد هەتا لەبەردەمی ڕابوەستن و خزمەتی بکەن و ببن بە خزمەتکار و بخوور بسووتێن بۆی.» 12 ئینجا ئەم لێڤییانە هەستان بە خزمەتەکەیان: لە نەوەی قەهاتییەکان،مەحەتی کوڕی عەماسەی و یۆئێلی کوڕی عەزەریا؛لە نەوەی مەراری،قیشی کوڕی عەبدی و عەزەریای کوڕی یەهەلەلئێل؛لە گێرشۆنییەکانیش،یۆئاحی کوڕی زیما و عەدەنی کوڕی یۆئاح؛ 13 لە نەوەی ئەلیچافان،شیمری و یەعیێل؛لە نەوەی ئاساف،زەکەریا و مەتەنیا؛ 14 لە نەوەی هێیمان،یەحیێل و شیمعی؛لە نەوەی یەدوتون،شەمەعیا و عوزیێل. 15 کاتێک برا لێڤییەکانیان کۆکردبووەوە و خۆیان تەرخان کردبوو، بە فەرمانی پاشا چوونە ژوورەوە بۆ ئەوەی بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان پەرستگاکە پاک بکەنەوە. 16 کاهینەکان چوونە ناو پیرۆزگای یەزدانەوە بۆ ئەوەی پاکی بکەنەوە و هەموو ئەو گڵاوییەی لەناو پەرستگای یەزداندا دۆزییانەوە، بردیانە دەرەوە بۆ حەوشەی پەرستگای یەزدان و لێڤییەکانیش هەڵیانگرت بۆ ئەوەی دەریبکەنە دەرەوە بۆ دۆڵی قدرۆن. 17 لە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکدا دەستیان بە تەرخانکردنەکە کرد و لە ڕۆژی هەشتی مانگدا گەیشتنە هەیوانەکەی پەرستگای یەزدان. لەپاش ئەوە هەشت ڕۆژی دیکەش پەرستگای یەزدانیان تەرخان کرد و لە ڕۆژی شازدەی مانگی یەکدا کۆتاییان پێهێنا. 18 ئینجا چوونە ژوورەوە بۆ لای حەزقیای پاشا و گوتیان: «هەموو پەرستگای یەزدان و قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی و مێزی نانی تەرخانکراو و هەموو قاپوقاچاغەکانیمان پاککردەوە، 19 لەگەڵ هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی کە ئاحازی پاشا فڕێیدا لە سەردەمی پاشایەتییەکەیدا لە ناپاکییەکەی، ئامادە و تەرخانمان کردوون و ئێستا لەبەردەم قوربانگاکەی یەزدانن.» 20 بەیانی زوو حەزقیای پاشا هەستا و کاربەدەستەکانی شاری کۆکردەوە و چوو بۆ پەرستگای یەزدان. 21 حەوت گا و حەوت بەران و حەوت بەرخی نێر و حەوت گیسکی نێریان هێنا بۆ قوربانی گوناه لە پێناوی پاشایەتییەکە و پیرۆزگا و یەهودا. فەرمانی بە کاهینەکان کە لە نەوەی هارون بوون کرد سەریان بخەنە سەر قوربانگاکەی یەزدان. 22 ئیتر گایەکانیان سەربڕی و کاهینەکان خوێنەکەیان وەرگرت و بەسەر قوربانگاکەدا پرژاندیان؛ دواتر بەرانەکانیان سەربڕی و خوێنەکەیان پرژاندە سەر قوربانگاکە؛ ئینجا بەرخەکانیان سەربڕی و خوێنەکەیان پرژاندە سەر قوربانگاکە. 23 پاشان گیسکەکانی قوربانی گوناهیان بردە بەردەم پاشا و کۆمەڵ و ئەوانیش دەستیان لەسەر دانان. 24 ئینجا کاهینەکان سەریان بڕین و خوێنەکەیان پێشکەش کردە سەر قوربانگاکە وەک قوربانی گوناه و کەفارەتیان بۆ هەموو ئیسرائیل کرد، چونکە پاشا گوتی، قوربانی سووتاندن و قوربانییەکەی گوناه بۆ هەموو ئیسرائیلە. 25 ئینجا لێڤییەکانی لە پەرستگای یەزدان ڕاگرت، بە سەنج و قیسارە و سازەوە، بەگوێرەی فەرمانی داود و گاد کە پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند و ناتانی پێغەمبەریش، چونکە فەرمانەکە لەلایەن یەزدانەوە بوو لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانییەوە. 26 ئیتر لێڤییەکان بە ئامێرە مۆسیقییەکانی داودەوە و کاهینەکانیش بە کەڕەناوە ڕاوەستان. 27 حەزقیاش فەرمانی دا بە سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکە بۆ سەر قوربانگاکە و لە کاتی دەستپێکردنی قوربانی سووتاندنەکەدا، ستایشی یەزدان دەستی پێ کرد لەگەڵ لێدانی کەڕەنا و ئامێرە مۆسیقییەکانی داودی پاشای ئیسرائیل. 28 هەموو کۆمەڵەکەش کڕنۆشیان دەبرد و گۆرانیبێژەکان گۆرانییان دەگوت و کەڕەنا لێدەرەکانیش فوویان بە کەڕەناکانیاندا دەکرد، هەر هەموو بەردەوام بوون هەتا قوربانی سووتاندنەکە کۆتایی پێهات. 29 لە کاتی تەواوبوونی قوربانی سووتاندنەکە، پاشا و هەموو ئەوانەی لەگەڵیدا بوون چەمانەوە و کڕنۆشیان برد. 30 حەزقیای پاشا و کاربەدەستەکان بە لێڤییەکانیان گوت کە بە وشەکانی داود و ئاسافی پێشبینیکەر ستایشی یەزدان بکەن، ئەوانیش بە خۆشییەوە ستایشیان کرد و چەمانەوە و کڕنۆشیان برد. 31 ئینجا حەزقیا گوتی: «ئێستا خۆتان بۆ یەزدان تەرخان کردووە، وەرنە پێش و قوربانی سەربڕاو و قوربانی سوپاسگوزاری بۆ پەرستگای یەزدان بهێنن.» پاشان کۆمەڵەکە قوربانی سەربڕاو و قوربانی سوپاسگوزارییان هێنا و هەرکەسێکیش لە دڵەوە ئارەزووی کرد قوربانی سووتاندنی هێنا. 32 ژمارەی ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە کۆمەڵەکە هێنایان، حەفتا گا و سەد بەران و دوو سەد بەرخی نێر بوو، هەموو ئەمانە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان بوون. 33 ئاژەڵە تەرخانکراوەکانیش شەش سەد گا و سێ هەزار مەڕ و بزن بوون. 34 بەڵام کاهینەکان کەم بوون و نەیانتوانی هەموو قوربانی سووتاندنەکان کەوڵ بکەن، لەبەر ئەوە برا لێڤییەکانیان یارمەتییان دان، هەتا کارەکە تەواو بوو و هەتا کاهینی دیکەش خۆیان تەرخان کرد، چونکە لێڤییەکان بۆ خۆتەرخانکردن لە کاهینەکان دڵسۆزتر بوون. 35 هەروەها قوربانی سووتاندنەکان زۆر بوون بە پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی و بە شەرابی پێشکەشکراوی قوربانی سووتاندنەکان.بەم شێوەیە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان جارێکی دیکە بەردەوامی پێدرایەوە. 36 حەزقیا و هەموو گەلیش دڵشاد بوون لەبەر ئەوەی خودا گەلی ئامادە کرد، چونکە کارەکە کتوپڕ بوو.
In Other Versions
2 Chronicles 29 in the ANTPNG2D
2 Chronicles 29 in the BNTABOOT
2 Chronicles 29 in the BOATCB2
2 Chronicles 29 in the BOGWICC
2 Chronicles 29 in the BOHNTLTAL
2 Chronicles 29 in the BOILNTAP
2 Chronicles 29 in the BOKHWOG
2 Chronicles 29 in the KBT1ETNIK
2 Chronicles 29 in the TBIAOTANT