Psalms 98 (BOKSSV)
undefined زەبوورێک 1 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ،چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە.دەستی ڕاست و بازووی پیرۆزی،سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە. 2 یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند،ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست. 3 خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی،بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا،ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی. 4 ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان،بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن. 5 بە قیسارە مۆسیقا بۆ یەزدان بژەنن،بە قیسارە و دەنگی گۆرانی. 6 بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا،هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا. 7 با دەریا و هەرچی تێیدایە،با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن. 8 با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن وهەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن، 9 لەبەردەم یەزدان،چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،گەلانیش بە دادپەروەری.