Jeremiah 21 (BOKSSV)
1 ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، کاتێک سدقیای پاشا پەشحوری کوڕی مەلکیا و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی ناردە لای و گوتی: 2 «تکایە لە پێناوی ئێمە داوا لە یەزدان بکە، چونکە نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشمان دەکاتە سەر، بەڵکو یەزدان وەک ڕابردوو کاری سەرسوڕهێنەرمان لەگەڵ دەکات هەتا نەبوخودنەسر لەلای ئێمە بکشێتەوە.» 3 بەڵام یەرمیا وەڵامی دانەوە: «بە سدقیا بڵێن، 4 ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەو چەکانە لە دژتان بەکاردەهێنم کە لە دەستتاندایە و لەگەڵ پاشای بابل و بابلییەکان شەڕی پێ دەکەن، کە لە دەرەوەی شوورای شارەکان گەمارۆیان داون. لە ناوەڕاستی شار کۆیان دەکەمەوە. 5 من خۆم بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە تووڕەیی و هەڵچوونێکی بە جۆشی گەورەوە لە دژتان دەجەنگم. 6 دانیشتووانی ئەو شارە دەکوژم، مرۆڤ و ئاژەڵ پێکەوە، بە دەردێکی گەورەوە دەمرن. 7 پاش ئەمەش، سدقیای پاشای یەهودا و خزمەتکارەکانی و ئەوەی لەم گەلە لە شارەکەدا ماونەتەوە، لەدوای دەرد و شمشێر و قاتوقڕییەکە، دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دوژمنەکانیان و ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن. ئەوانیش دەیاندەنە بەر شمشێر و لەگەڵیان میهرەبان نابن و دڵیان پێیان ناسووتێت و بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 8 «بەم گەلەش دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێستا من ڕێگای ژیان و ڕێگای مردنتان لەپێش دادەنێم. 9 ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، ئەوەش بچێتە دەرەوە و ڕوو لە بابلییەکان بکات، ئەوانەی گەمارۆیان داون، دەژیێت و ژیانی خۆی دەرباز دەکات. 10 لەبەر ئەوەی مکوڕم لەسەر ئەوەی خراپە بەسەر ئەو شارە بهێنم نەک باشە. دەدرێتە دەست پاشای بابل و بە ئاگر دەیسووتێنێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 11 «بە بنەماڵەی پاشای یەهودا بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. 12 ئەی بنەماڵەی داود، یەزدان ئەمە دەفەرموێت:«”هەموو بەیانییەک بە دادپەروەری حوکم بدەن،تاڵانکراو لە دەستی زۆردار ڕزگار بکەن،نەوەک تووڕەییم وەک ئاگر بتەقێتەوە،لەبەر ئەو خراپانەی کردووتانە،جا بسووتێنێت و کەس نەبێت بکوژێنێتەوە. 13 ئەی ئۆرشەلیم، ئەوەی نیشتەجێی لەسەر دۆڵەکە،بەسەر دەشتی بەردەڵانی بەرز،ئەوەتا من لە دژی تۆم.ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.ئێوە دەڵێن: ’کێ بەسەرماندا دەدات؟کێ دێتە ناو نشینگەکانمانەوە؟‘ 14 بەڵام من سزای شایستەی کردارەکانتان دەدەم،ئاگر بەردەدەمە دارستانەکەی وهەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.“»ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.