Job 29 (BOKSSV)
1 ئەیوب سەرلەنوێ دەستی بە قسە کردەوە و گوتی: 2 «خۆزگەم بە مانگەکانی ڕابردوو،بەو ڕۆژانەی کە خودا منی پاراست، 3 کاتێک چراکەی خۆی لە سەرم هەڵکرد وبە ڕووناکی ئەو بەناو تاریکیدا دەڕۆیشتم! 4 خۆزگە بەو ڕۆژانەی کە لە هەڕەتی هێز و توانادا بووم،هاوڕێیەتییە گیانی بەگیانییەکەم لەگەڵ خودا چادرەکەی منی بەرەکەتدار کردبوو، 5 خودای هەرە بەتوانا هێشتا لەگەڵم بوو ومنداڵەکانیشم لە چواردەورم بوون، 6 کاتێک پێیەکانم بە شیر دەشوشت،تاشەبەردیش جۆگەکانی زەیتی بۆ هەڵدەقوڵاندم. 7 «کاتێک بۆ لای دەروازەی شارەکە دەچووم ولە گۆڕەپانەکەدا دیوەخانی خۆم ئامادە دەکرد، 8 گەنجەکان کە منیان دەبینی خۆیان دەشاردەوە،پیرانیش لەبەرم هەڵدەستان و ڕادەوەستان؛ 9 پیاوە گەورەکان نەیاندەویست قسە بکەن،دەستیان دەخستە سەر دەمی خۆیان؛ 10 پیاوماقوڵان دەنگیان لێ دەبڕا وزمانیان بە مەڵاشوویانەوە دەنووسا. 11 ئەوەی گوێی لێم دەبوو ستایشی دەکردم،ئەو چاوەی کە دەیبینی شایەتی بۆ دەدام، 12 چونکە ئەو هەژارانەی کە هاواریان بۆ دەهێنام وئەو هەتیوانەی کە بێکەس بوون ڕزگارم دەکردن. 13 ئەوانەی لە سەرەمەرگدا بوون بەرەکەتیان دەدامێ ودڵی بێوەژنم دەهێنایە قریوە. 14 ڕاستودروستیم لەبەر دەکرد و دەمپۆشی؛دادپەروەری کەوا و مێزەرەکەم بوو. 15 دەبووم بە چاو بۆ نابینایان وبە قاچ بۆ شەلان. 16 من بۆ نەداران باوکێک دەبووم وبەرگریم لە کەسێک دەکرد کە پێی ئاشنا نەبووم. 17 کەڵبەی ستەمکارم وردوخاش دەکرد ولەنێو ددانەکانی نێچیرم دەڕفاند. 18 «جا گوتم: ”لەناو لانەکەی خۆم ڕۆح بەدەستەوە دەدەم ووەک لم ڕۆژگارم زۆر دەبێت. 19 ڕەگم بەرەو ئاوەکان درێژ دەبێتەوە،بە درێژایی شەو شەونم بەسەر چڵەکانمەوە دەبێت. 20 شکۆمەندیم بە هەمیشەیی لەگەڵم دەبێت،کەوانەکەم لە دەستم نوێ دەبێتەوە.“ 21 «گوێیان لە من دەگرت و چاوەڕێیان دەکردلە کاتی ڕاوێژکردنم گوێیان بۆم شل دەکرد. 22 لەدوای قسەکانم هیچیان لە دەم نەدەهاتە دەرەوە؛قسەکانم دڵۆپەی بەسەریاندا کرد. 23 چاوەڕێیان دەکردم وەک چاوەڕێی نمە باران بکەن ودەمیان دەکردەوە وەک بۆ بارانی بەهار. 24 کاتێک لەگەڵیان ڕووخۆش دەبووم، باوەڕیان نەدەکرد؛کاتێک ڕەزامەندیم پیشان دەدا، چاوەڕێی ئەوەیان نەدەکرد. 25 ڕێگام بۆیان هەڵدەبژارد و وەک سەرۆک دادەنیشتم؛وەک پاشایەک لەناو سوپا نیشتەجێ دەبووم،وەک ئەوەی دڵنەوایی شیوەنگێڕان دەداتەوە.