Jonah 1 (BOKSSV)
1 فەرمایشتی یەزدان بۆ یونسی کوڕی ئەمیتەی هات، پێی فەرموو: 2 «هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا و تێیدا بانگەواز بکە، چونکە خراپەکانیان بەرز بووەتەوە بۆ بەردەمم.» 3 یونسیش بۆ ئەوەی لە یەزدان هەڵبێت دەستی بە گەشتێک کرد بۆ تەرشیش. سەرەتا چوو بۆ بەندەری یافا و کەشتییەکی دۆزییەوە کە دەچووە تەرشیش، کرێیەکەی دا و سوار بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵیان بچێتە تەرشیش و خۆی لە ڕووی یەزدان بدزێتەوە. 4 یەزدانیش بایەکی مەزنی بۆ سەر دەریاکە نارد و ڕەشەبایەکی مەزن لە دەریاکە هەڵیکرد، خەریک بوو کەشتییەکە پارچەپارچە بێت. 5 کەشتیوانەکان ترسان، هەریەکەیان هاواری بۆ خوداوەندەکەی خۆی کرد، ئەو شتانەی کە لەناو کەشتییەکەدا بوون فڕێیان دایە ناو دەریاکە، بۆ ئەوەی باری خۆیان سووک بکەن.کەچی یونس چوو بووە نهۆمی خوارەوەی کەشتییەکە و پاڵکەوتبوو، لە خەوێکی قووڵدا بوو. 6 سەرۆکی سەوڵ لێدەرەکان چووە لای و پێی گوت: «ئەوە بۆچی نوستوویت؟ هەستە هاوار بکە بۆ خوداوەندەکەت، بەڵکو ئاوڕمان لێ بداتەوە و لەناونەچین.» 7 ئینجا کەشتیوانەکان بە یەکتریان گوت: «وەرن با تیروپشک بکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەم بەڵایە بەهۆی کێیە.» ئیتر تیروپشکیان کرد و کەوتە سەر یونس. 8 لێیان پرسی: «پێمان بڵێ بەهۆی کێ تووشی ئەم بەڵایە بووین؟ ئیشت چییە و لەکوێوە هاتوویت؟ سەر بە چ خاکێکیت و لە چ نەتەوەیەکیت؟» 9 ئەویش وەڵامی دانەوە: «من عیبرانیم و لە یەزدان دەترسم، خودای ئاسمان، ئەوەی دەریا و وشکانیی دروستکردووە.» 10 پیاوەکان ترسێکی زۆریان لێ نیشت و لێیان پرسی: «بۆچی ئەمەت کرد؟» پیاوەکان زانییان کە لە یەزدان هەڵاتووە، چونکە پێشتر پێی گوتبوون. 11 لێیان پرسی: «چیت لێ بکەین بۆ ئەوەی دەریاکە هێمن بێتەوە؟» چونکە دەریاکە زیاتر هەڵدەچوو. 12 ئەویش وەڵامی دانەوە: «بمبەن و فڕێمبدەنە ناو دەریاکەوە، ئیتر دەریاکەتان لێ هێمن دەبێتەوە، چونکە من دەزانم بەهۆی منەوەیە ئەم ڕەشەبا مەزنەتان لەسەرە.» 13 بەڵام پیاوەکان زیاتر و زیاتر سەوڵیان لێدەدا بۆ ئەوەی کەشتییەکە بگەڕێننەوە بۆ وشکانی، کەچی نەیانتوانی، چونکە دەریاکە زیاتر هەڵدەچوو. 14 ئیتر هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئای ئەی یەزدان، با لەناونەچین، لەبەر گیانی ئەم پیاوە خوێنی بێتاوانێک مەخەرە ئەستۆمان. ئەی یەزدان، ئەوەی ویستت کردت.» 15 ئینجا یونسیان گرت و فڕێیان دایە ناو دەریاکەوە، ئیتر هاژەی دەریاکە هێمن بووەوە. 16 پیاوەکان زۆر لە یەزدان ترسان و قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و نەزریان کرد. 17 یەزدانیش ماسییەکی ئامادە کرد کە زۆر گەورە بوو بۆ ئەوەی یونس قووت بدات، ئیتر یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکەدا مایەوە.