1 Chronicles 23 (BOKSSV)
1 پاش ئەوەی داود پیر بوو و بە ساڵا چوو، سلێمانی کوڕی کرد بە پاشای ئیسرائیل. 2 هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکانی کۆکردەوە و 3 ئەو لێڤییانەشی تەمەنیان سی ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو سەرژمێری کران و کۆی ژمارەیان سی و هەشت هەزار پیاو بوو. 4 داود گوتی: «بیست و چوار هەزار لەمانە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاری پەرستگای یەزدان و شەش هەزاریان کوێخا و دادوەر و 5 چوار هەزاریان دەرگاوان و چوار هەزاری دیکەشیان بۆ ستایشکردنی یەزدان بەو ئامێرە مۆسیقییانەی کە بۆ ستایشکردن دروستم کردن.» 6 ئینجا داود لێڤییەکانی کردە چەند بەشێک، بەپێی کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن و قەهات و مەراری. 7 لە گێرشۆنییەکان:لەعدان و شیمعی. 8 کوڕەکانی لەعدان:یەحیێلی کوڕە گەورەی بنەماڵەکە، ئینجا زێتام و یۆئێل، سێ کوڕ بوون. 9 کوڕەکانی شیمعی:شەلۆمۆت، حەزیێل و هاران، سێ کوڕ بوون.ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لەعدان بوون. 10 کوڕەکانی شیمعیش:یەحەت و زیزا و یەعوش و بەریعە.ئەمانە چوار کوڕەکەی شیمعی بوون. 11 یەحەت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و زیزا دووەم بوو، بەڵام یەعوش و بەریعە کوڕی زۆریان نەبوو، لەبەر ئەوە وەک یەک بنەماڵە هەژمارد کران. 12 کوڕەکانی قەهات:عەمرام، یەسهار، حەبرۆن و عوزیێل، چوار کەس بوون. 13 کوڕەکانی عەمرام:هارون و موسا.هارون و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە بۆ تەرخانکردنی شتی هەرەپیرۆز هەڵبژێردران، بۆ قوربانی کردن لەبەردەم یەزدان و داواکردنی بەرەکەت بە ناوی ئەوەوە بۆ هەتاهەتایە. 14 هەروەها کوڕەکانی موسای پیاوی خودا وەک بەشێک لە هۆزی لێڤی دانران. 15 کوڕەکانی موساگێرشۆم و ئەلیعەزەر بوون. 16 نەوەکانی گێرشۆم:شوڤائێل کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو. 17 نەوەی ئەلیعەزەریش:ئەلیعەزەر تەنها یەک کوڕی هەبوو ناوی ڕەحەڤیا بوو،بەڵام ڕەحەڤیا کوڕی زۆر بوو. 18 کوڕەکانی یەسهار:شەلۆمیت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو. 19 کوڕەکانی حەبرۆن:یەرییاهو کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو،ئەمەریا دووەم و یەحەزیێل سێیەم و یەقەمەعام چوارەمیان بوو. 20 کوڕەکانی عوزیێل:میخا کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و ییشیا دووەمیان بوو. 21 کوڕەکانی مەراری:مەحلی و موشی.کوڕەکانی مەحلی:ئەلعازار و قیش. 22 ئەلعازار مرد و کوڕی نەبوو، تەنها کچی هەبوو، جا کوڕەکانی قیشی برای هێنایانن. 23 کوڕەکانی موشی:مەحلی، عێدەر و یەریمۆت، سێ کوڕ بوون. 24 ئەمانە نەوەی لێڤی بوون بەگوێرەی بنەماڵەکانیان. گەورەی بنەماڵەکان کە بەپێی ناوەکانیان تۆمار کران و یەک بە یەک سەرژمێر کران، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە کە لە پەرستگای یەزدان خزمەتیان دەکرد، 25 چونکە داود گوتبووی: «لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گەلەکەی حەساندووەتەوە و بۆ هەتاهەتایە یەزدان لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووە، 26 ئیتر پێویست ناکات لێڤییەکان چادرەکەی پەرستن یان هیچ یەکێک لەو قاپوقاچاغانەی کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێت هەڵبگرن و بگوازنەوە.» 27 بەپێی دوایین فەرمانی داود، لێڤییەکان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێری کران. 28 لێڤییەکان بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان: بەرپرس بوون بۆ حەوشە و ژوورە لاتەنیشتەکان، بۆ پاککردنەوەی شتە پیرۆزەکان، بۆ خزمەتکردنی دیکەش لە ماڵی خودا؛ 29 بەرپرسیاریێتیشیان هەبوو بۆ نانی تەرخانکراو و باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ناسکە نانی فەتیرەی و خۆراکی سەر ساج و تێکەڵکردنی هەرچی کە تێکەڵ دەکرێت و بۆ هەموو ئەندازە و پێوانەکردنێک؛ 30 هەروەها بۆ ڕاوەستان هەموو بەیانییەک بۆ سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدان ئێوارانیش بە هەمان شێوە؛ 31 هەروەها بۆ هەموو سەرخستنێکی قوربانی سووتاندن لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان. پێویست بوو لێڤییەکان بەو ژمارەیە و بەو چەشنەی کە ڕێسایە لەسەریان، بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان خزمەت بکەن. 32 ئیتر لێڤییەکان لە چادری چاوپێکەوتن و شوێنی پیرۆز پارێزگاریان دەکرد، هەروەها بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان.
In Other Versions
1 Chronicles 23 in the ANTPNG2D
1 Chronicles 23 in the BNTABOOT
1 Chronicles 23 in the BOATCB2
1 Chronicles 23 in the BOGWICC
1 Chronicles 23 in the BOHNTLTAL
1 Chronicles 23 in the BOILNTAP
1 Chronicles 23 in the BOKHWOG
1 Chronicles 23 in the KBT1ETNIK
1 Chronicles 23 in the TBIAOTANT