2 Chronicles 21 (BOKSSV)
1 ئیتر یەهۆشافات لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. یەهۆرامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. 2 یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافات چەند برایەکی هەبوو، عەزەریا، یەحیێل، زەکەریا، عەزەریاهو، میکائیل و شەفەتیا، هەموو ئەمانە کوڕی یەهۆشافاتی پاشای ئیسرائیل بوون. 3 باوکیان لە زێڕ و زیو و شتی گرانبەها زۆری پێدابوون، لەگەڵ شارە قەڵابەندەکان لە یەهودا، بەڵام پاشایەتییەکەی بە یەهۆرام دا، چونکە نۆبەرە بوو. 4 کاتێک یەهۆرام جڵەوی پاشایەتییەکەی باوکی گرتە دەست و بەهێز بوو، هەموو براکانی و هەندێک لە میرەکانی ئیسرائیلی بە شمشێر کوشت. 5 یەهۆرام تەمەنی سی و دوو ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و 6 هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیل و بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە کچەکەی ئەحاڤ ژنی بوو، لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. 7 لەگەڵ ئەوەش یەزدان نەیویست بنەماڵەی داود لەناوببات، لەبەر ئەو پەیمانەی لەگەڵ داود بەستبووی، هەروەک پێی فەرموو بۆ هەتاهەتایە چرایەک دەداتە خۆی و نەوەکانی. 8 لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆرام، ئەدۆم لە یەهودا یاخی بوو، پاشایەکیان بۆ خۆیان دانا. 9 ئیتر یەهۆرام لەگەڵ سەرکردەکانی و هەموو گالیسکەکانی پەڕییەوە. لەوێ ئەدۆمییەکان ئابڵوقەیان دان، بەڵام شەو خۆی و سەرکردەی گالیسکەکانی هەستان و ئابڵوقەکەیان شکاند و دەرباز بوون. 10 هەتا ئێستاش ئەدۆم لە یەهودا یاخییە.هەر لەو کاتەدا لیڤناش یاخی بوو، چونکە یەهۆرام وازی لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی هێنابوو. 11 هەروەها ئەو نزرگەکانی سەر بەرزایی لە چیاکانی یەهودا دروستکرد و وای لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد داوێنپیسی بکەن و یەهودای گومڕا کرد. 12 یەهۆرام نامەیەکی لەلایەن ئەلیاس پێغەمبەرەوە وەرگرت کە تێیدا نووسرابوو:«یەزدانی پەروەردگاری داودی باوکت ئەمە دەفەرموێت: ”تۆ ڕێچکەی یەهۆشافاتی باوکت و ئاسای پاشای یەهودات نەگرتەبەر، 13 بەڵکو ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلت گرتەبەر و وات لە یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد وەک ماڵی ئەحاڤ داوێنپیسی بکەن، هەروەها براکانی خۆتت کوشت، ئەوانەی ماڵی باوکت کە لە تۆ باشتر بوون. 14 لەبەر ئەوە یەزدان گورزێکی جەرگبڕ لە گەلەکەت، کوڕەکانت، ژنەکانت و هەموو ئەوەی هەتە دەوەشێنێت، 15 خۆشت تووشی نەخۆشییەکی ڕیخۆڵە دەبیت کە سەخت و درێژخایەن دەبێت، هەتا ڕیخۆڵەکانت لە لەشت دێنە دەرەوە.“» 16 ئینجا یەزدان ڕۆحی فەلەستییەکان و عەرەبەکانی لای کوشییەکانی لە یەهۆرام وروژاند و 17 پەلاماری یەهودایان دا و داگیریان کرد و هەرچی لە کۆشکی پاشادا هەبوو لەگەڵ کوڕەکانی و ژنەکانیدا بردیان و هیچی بۆ نەمایەوە جگە لە ئەحەزیای کوڕە بچکۆلەی. 18 پاش هەموو ئەمانەش یەزدان یەهۆرامی تووشی نەخۆشی ڕیخۆڵە کرد و چارەسەریشی نەبوو. 19 نەخۆشییەکە بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو هەتا لەدوای دوو ساڵ ڕیخۆڵەکانی هاتنە دەرەوە و بە ئازاری زۆرەوە مرد، گەلەکەشی ئاگرێکی وەک ئاگری باوباپیرانیان بۆ نەکردەوە. 20 یەهۆرام لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بوو بە پاشا و هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و کە ڕۆیشت کەس بۆی بە داخ نەبوو و لە شاری داود ناشتیان، نەک لە گۆڕستانی پاشاکاندا.
In Other Versions
2 Chronicles 21 in the ANTPNG2D
2 Chronicles 21 in the BNTABOOT
2 Chronicles 21 in the BOATCB2
2 Chronicles 21 in the BOGWICC
2 Chronicles 21 in the BOHNTLTAL
2 Chronicles 21 in the BOILNTAP
2 Chronicles 21 in the BOKHWOG
2 Chronicles 21 in the KBT1ETNIK
2 Chronicles 21 in the TBIAOTANT