Deuteronomy 3 (BOKSSV)
1 ئینجا ڕوومان وەرگێڕا و بە ڕێگای باشاندا سەرکەوتین، جا عۆگی پاشای باشان لەگەڵ هەموو سوپاکەی هاتنە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەمان لە ئەدرەعی. 2 یەزدانیش پێی فەرمووم، «لێی مەترسە، چونکە خۆی و هەموو سوپاکەی و خاکەکەیم داوەتە دەستت، ئەوەی پێ دەکەیت کە بە سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکانت کرد کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو.» 3 جا یەزدانی پەروەردگارمان، عۆگی پاشای باشان و هەموو سوپاکەی دایە دەستمان و لێماندا و نەمانهێشت کەس دەرباز بێت. 4 لەو کاتەشدا دەستمان بەسەر هەموو شارەکانیدا گرت. هیچ شارێک لەو شەست شارە نەمایەوە کە لێیان نەستێنین، واتە هەموو هەرێمی ئەرگۆڤ شانشینی عۆگ لە باشان. 5 هەموو ئەو شارانە شوورابەند بوون بە شوورای بەرز و دەروازە و شمشیرەیان هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا چەند گوندێکی زۆر شوورایان نەبوو. 6 جا بە تەواوی قڕمان کرد، وەک ئەوەی بە سیحۆنی پاشای حەشبۆنمان کرد، لە هەموو شارێکدا پیاو و ژن و منداڵەکانمان بە تەواوی قڕکرد. 7 بەڵام هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان و دەستکەوتی شارەکانیان بۆ خۆمان تاڵان کرد. 8 لەو کاتەدا ئەو خاکەی کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە دەربەندی ئەرنۆنەوە هەتا چیای حەرمۆنمان لە دەستی ئەم دوو پاشایەی ئەمۆرییەکان دەرهێنا. 9 سەیدائییەکان بە حەرمۆن دەڵێن سیریۆن و ئەمۆرییەکانیش پێی دەڵێن سنیر. 10 هەموو شارۆچکەکانی دەشت و هەموو گلعاد و هەموو باشان هەتا سەلخە و ئەدرەعی، دوو شارەکەی شانشینی عۆگ لە باشاندا دەستمان بەسەردا گرت. 11 عۆگی پاشای باشان بە تەنها مابووەوە لە پاشماوەی ڕفائییەکان، قەرەوێڵەکەی لە ئاسن دروستکرابوو، هەتا ئێستا لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکانە، درێژییەکەی نۆ باڵ و پانییەکەی چوار باڵە بە باڵی پیاو. 12 لەو کاتەی دەستمان بەسەر ئەو خاکەدا گرت، هەرێمێکم دایە ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان، لە سەرووی عەرۆعێرەوە کە لەسەر دەربەندی ئەرنۆنە و نیوەی ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد و شارۆچکەکانی لە هەرێمەکەدا بوو. 13 ئەوەشی لە گلعاد مایەوە و هەموو باشانی شانشینی عۆگ دامە نیوەی هۆزی مەنەشە. هەموو هەرێمی ئەرگۆڤ لەگەڵ هەموو باشان بوو، کە بە خاکی ڕفائییەکان ناودەبردرا. 14 یائیری نەوەی مەنەشە دەستی بەسەر هەموو هەرێمی ئەرگۆڤدا گرت هەتا سنووری گەشوورییەکان و مەعکاتییەکان و بە ناوی خۆیەوە ناوی لێنا، هەتا ئەمڕۆش باشان بە حەڤۆت یائیر ناودەبردرێت. 15 گلعادیشم دا بە ماکیر. 16 لە گلعادیشەوە هەتا دەربەندی ئەرنۆن ناوەڕاستی دۆڵەکە سنوور بوو، هەتا ڕووباری یەبۆق سنووری عەمۆنییەکان دامە ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان. 17 عەراڤا و ڕووباری ئوردونیش سنووری ڕۆژئاواییەکەی بوو، لە کینەرەتەوە هەتا دەریای عەراڤا، دەریای مردوو، لەژێر بنارەکانی پسگە. 18 ئەو کاتە فەرمانم پێکردن و گوتم، «یەزدانی پەروەردگارتان ئەم خاکەی پێداون هەتا دەستی بەسەردا بگرن، هەموو پاڵەوانەکان بە چەکەوە لەپێش نەوەی ئیسرائیلی برایانتان دەپەڕنەوە، 19 بەڵام ژن و منداڵ و ئاژەڵە ماڵییەکانتان، زانیومە ئاژەڵی ماڵی زۆرتان هەیە، ئەوا لە شارۆچکەکانتان دەمێننەوە کە پێم داون، 20 هەتا یەزدان براکانیشتان وەک ئێوە بحەسێنێتەوە، ئەوانیش دەست بەسەر ئەو خاکەی پشتی ڕووباری ئوردوندا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتێ، ئینجا هەرکەسە دەگەڕێتەوە لای موڵکی خۆی کە پێم دان.» 21 لەو کاتەشدا فەرمانم بە یەشوع کرد و گوتم، «چاوەکانت هەموو ئەوەیان بینی کە یەزدانی پەروەردگارتان بەم دوو پاشایەی کرد، یەزدان هەمان شت دەکات بە هەموو ئەو پاشایەتییانەی تۆ بۆیان دەپەڕیتەوە. 22 لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان بۆتان دەجەنگێت.» 23 لەو کاتەدا لە یەزدان پاڕامەوە و گوتم: 24 «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ دەستت پێ کرد مەزنی و دەستی بەهێزت بە خزمەتکارەکەت پیشان بدەیت، چونکە چ خودایەک لە ئاسمان و لەسەر زەوی وەک کردەوەکان و تواناکانی تۆ دەکات؟ 25 تکایە لێمگەڕێ با بپەڕمەوە و ئەو خاکە چاکەی لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردونە، ئەو ناوچە شاخاوییە جوانە و لوبنان، ببینم.» 26 بەڵام یەزدان بەهۆی ئێوەوە لێم هەڵچوو و گوێی لێ نەگرتم، بەڵکو یەزدان پێی فەرمووم: «بەسە! ئیتر لەبارەی ئەم بابەتەوە لەگەڵم مەدوێ، 27 سەربکەوە بۆ لووتکەی پسگە و بەرەو ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات سەر بڵند بکە و بە چاوەکانت خاکەکە ببینە، بەڵام لەم ڕووباری ئوردونە مەپەڕەوە، 28 ئەرکیش بە یەشوع بسپێرە و بەهێزی بکە و هانی بدە، چونکە ئەو لەپێش ئەم گەلە دەپەڕێتەوە و ئەو خاکەکەیان بۆ دابەش دەکات کە تۆ دەیبینیت.» 29 جا لە دۆڵەکە بەرامبەر بێتپەعۆر ماینەوە.
In Other Versions
Deuteronomy 3 in the BOHNTLTAL
Deuteronomy 3 in the KBT1ETNIK
Deuteronomy 3 in the TBIAOTANT