Job 28 (BOKSSV)
1 زیو کانی هەیە وبۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی. 2 ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت،مسیش لە توانەوەی بەرد. 3 مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛لەناو تاریکی سێبەری مەرگبۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن. 4 کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی،لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا. 5 زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت،لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛ 6 بەردەکانی یاقووتی شینی تێدایە ولە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە. 7 ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن وچاوی هەڵۆ نایبینێت. 8 ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون،شێر پێیدا تێنەپەڕیوە. 9 مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد،بنکەی چیاکان دەردەخات. 10 لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت. 11 ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت وئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی. 12 بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە وتێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟ 13 مرۆڤ نرخەکەی نازانێت ولە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە. 14 قووڵایی ژێر زەوی دەڵێت: «لەناو مندا نییە،»دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.» 15 دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت ونە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت. 16 نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها ونە بە یاقووتی شین دەکێشرێت. 17 نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی،نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە. 18 لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت ونرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە. 19 یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت وبە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت. 20 ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە وتێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟ 21 لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە ولەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە. 22 لەناوچوون و مردن دەڵێن:«بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.» 23 خودا ڕێگاکەی تێدەگات وئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت. 24 لەبەر ئەوەی ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات وهەموو ژێر ئاسمان دەبینێت. 25 کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد وئاوەکانی بە پێوانە پێوا، 26 کاتێک بۆ باران یاسای دانا وبۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا، 27 ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد،ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کردەوە. 28 بە مرۆڤی فەرموو:«بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە ولە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»