Hebrews 3 (BOKSSV)
1 کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز، ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن، سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆکی کاهینانی دانپێدانانمانە. 2 ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد، هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو. 3 عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا، وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە. 4 لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک کەسێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە. 5 موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو. 6 بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا دڵسۆزە، ئەو ماڵەش ئێمەین، ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین. 7 لەبەر ئەوە، وەک ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ:[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت، 8 دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا،لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە لە بیابان. 9 لەوێ باوباپیرانتان ئەزموونیان کردم و تاقییان کردمەوە،هەرچەندە بۆ ماوەی چل ساڵ کردارەکانی منیان بینی. 10 لەبەر ئەوە لەو نەوەیە تووڕە بووم،فەرمووم: «دڵیان هەر بەرەو گومڕایی دەڕوات وڕێگای منیان نەناسی.» 11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:«نایەنە ناو حەسانەوەی من.»] 12 خوشکان، برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک یەکێکتان دڵێکی خراپ و بێباوەڕی هەبێت کە لە خودای زیندوو هەڵبگەڕێتەوە. 13 بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێ [ئەمڕۆ،] تاکو کەستان بە فێڵی گوناه دڵی ڕەق نەبێت. 14 بووینەتە هاوبەشی مەسیح، ئەگەر هەتا کۆتایی دەستبگرین بەو متمانەیەی لە سەرەتاوە هەمانە. 15 وەک چۆن گوتراوە:[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا.] 16 جا کێن ئەوانەی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هەموو ئەوانە نەبوون کە لە میسر بە ڕابەرایەتی موسا هاتنە دەرەوە؟ 17 خودا بۆ ماوەی چل ساڵ لە کێ تووڕە بوو؟ ئایا لەوانە نەبوو کە گوناهیان کرد و لە بیاباندا تەرمەکانیان کەوت؟ 18 خودا سوێندی لە کێ خوارد کە ناچێتە حەسانەوەکەی؟ ئایا لەوانە نەبوو کە یاخیبوون؟ 19 هەر بۆیە دەبینین لەبەر بێباوەڕییان نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەکەی.