Proverbs 3 (BOKSSV)
1 ڕۆڵە، فێرکردنەکەم لەبیر مەکە،فەرمانەکانم لەناو دڵتدا هەڵبگرە، 2 چونکە ڕۆژگاری درێژ وساڵانی ژیان و ئاشتیت بۆ زیاد دەکات. 3 با خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لێت جیا نەبنەوە،بە ملتەوە گرێیان بدە،لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە. 4 ئینجا پەسەندی و نازناوی چاک بەدەستدەهێنیتلەلای خودا و خەڵک. 5 پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە وبە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە. 6 لە هەموو ڕێگاکانت بیناسە،ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات. 7 لەبەرچاوی خۆت، خۆت بە دانا مەزانە،لە یەزدان بترسە و لە بەدکاری بەدووربە. 8 دەبێتە تەندروستی بۆ لەشت وخۆراک بۆ ئێسقانەکانت. 9 بە سامانت ڕێزی یەزدان بگرە،بە یەکەمین بەرهەمی هەموو خەرمانەکانت. 10 ئەمبارەکەت پڕ دەبێت هەتا تێری،قەڕابەکەت سەرڕێژ دەبێت لە شەرابی نوێ. 11 ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە،ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە، 12 چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات ووەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت. 13 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی دانایی دەدۆزێتەوە وبەو کەسەی تێگەیشتن بەدەستدەهێنێت، 14 چونکە قازانجی لە قازانجی زیو باشترە وبەرهەمیشی لە زێڕ. 15 لە یاقووت بەهادارترە وهەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای. 16 تەمەنی درێژ لە دەستی ڕاستیدایە ودەوڵەمەندی و ڕێزیش لە دەستی چەپی. 17 ڕێگاکانی ڕێگای خۆشحاڵین وهەموو ڕێڕەوەکانی ئاشتین. 18 درەختی ژیانە بۆ ئەوانەی خۆیان پێوە گرتووە،خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی پێی پابەند دەبن. 19 یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند،بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند. 20 بە زانیاری ئەو قووڵاییەکان شەق بوون،هەورەکان شەونمیان دڵۆپاند. 21 ڕۆڵە، دەست بە دانایی تەواو و سەلیقەوە بگرە،ئەمانە لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە، 22 دەبنە ژیان بۆ تۆ،ملوانکە بۆ جوانی گەردنت. 23 ئەوسا بە ئاسوودەیی بە ڕێگای خۆتدا دەڕۆیت وساتمە ناکەیت و ناکەویت. 24 کاتێک ڕادەکشێیت بێ ترسیت،ڕادەکشێیت و خەوت خۆش دەبێت. 25 نە لە بەڵای کتوپڕ دەترسیت ونە لە ماڵی بەدکاران کە وێران دەبێت، 26 چونکە یەزدان دەبێتە پشتیوانت وپێت لە پێوەبوون دەپارێزێت. 27 دەستی چاکە مەگرەوە لەوانەی شایستەی چاکەن،کاتێک لە تواناتدایە بیکەیت. 28 بە کەس مەڵێ:«بڕۆ، دواتر وەرەوە، بەیانی دەتدەمێ،»لە کاتێکدا ئەو شتەت پێیە. 29 پیلانی خراپ لە دژی دراوسێکەت مەگێڕە،لە کاتێکدا ئەو بە دڵنیاییەوە لەلات جێنشین بووە. 30 لەخۆڕایی دژایەتی کەسێک مەکە،ئەگەر خراپەی لەگەڵتدا نەکرد. 31 بەغیلی بە پیاوی ستەمکار مەبە،هیچ ڕێگایەکی ئەو هەڵمەبژێرە، 32 چونکە لەلای یەزدان مرۆڤی قەڵپ قێزەونە،بەڵام نهێنی خۆی لەلای سەرڕاستانە. 33 نەفرەتی یەزدان لەسەر ماڵی بەدکارە،بەڵام ماڵی ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکات. 34 هەرچەندە گاڵتە بە گاڵتەجاڕان دەکات،بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان. 35 داناکان ڕێزداری بە میرات دەگرن،بەڵام گێلەکان شەرمەزاری هەڵدەگرن.