Hebrews 1 (BOKSSV)
1 لە سەردەمانی کۆنەوە خودا زۆر جار و بە ڕێگای جۆراوجۆر بەهۆی پێغەمبەرانەوە لەگەڵ باوباپیراندا دواوە، 2 بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا بەهۆی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا، ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە. 3 کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی، لەدوای ئەوەی پاکسازیی بۆ گوناه کرد لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت. 4 بەم شێوەیە کوڕەکە لە فریشتەکان پایەبەرزتر بوو، بەو ئەندازەیەی ناوێکی بە میرات بۆ مایەوە زۆر لەوان شکۆدارتر. 5 ئیتر چ جارێک خودا بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە:[تۆ کوڕی منی،من ئەمڕۆ بوومە باوکت]؟هەروەها:[من دەبمە باوکی ئەو وئەویش دەبێتە کوڕی من]؟ 6 دیسان کاتێک خودا نۆبەرەکەی دەهێنێتە جیهانەوە، دەفەرموێت:[با هەموو فریشتەی خودا کڕنۆشی بۆ ببەن.] 7 لەبارەی فریشتەش دەفەرموێ:[خودا وا لە فریشتەکانی دەکات وەک با بن،خزمەتکارەکانیشی وەک بڵێسەی ئاگر.] 8 بەڵام لەبارەی کوڕەکەوە دەفەرموێت:[ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،داردەستی شانشینیت داردەستی دادپەروەرییە. 9 تۆ حەزت لە ڕاستودروستی کردووە و ڕقت لە خراپە بووەوە،بۆیە خودا، خودای خۆت لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت.] 10 هەروەها:[تۆ یەزدان، لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا،ئاسمانیش دەستکردی تۆیە. 11 ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت،هەموو وەک کراس کۆن دەبن. 12 وەک کەوا دەیپێچیتەوە،وەک بەرگی کۆن دەگۆڕدرێن،بەڵام تۆ هەروەک خۆتی،ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.] 13 ئایا خودا چ جارێک بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە:[لە دەستەڕاستم دابنیشەهەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت]؟ 14 ئایا هەموویان ڕۆحی خزمەتکارانە نین کە نێردراون بۆ خزمەتی ئەوانەی لە داهاتوو ڕزگاری بە میرات دەگرن؟