Isaiah 13 (BOKSSV)
1 سروشێک سەبارەت بە بابل ئەوەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی: 2 لەسەر کێوێکی ڕووت ئاڵایەک هەڵبکەن،دەنگیان لێ بەرز بکەنەوە،دەست ڕابشەکێنن با بێنە ژوورەوەبۆ ناو دەرگای میران. 3 من فەرمانم بە تەرخانکراوەکانم کرد،هەروەها بانگی پاڵەوانەکانی خۆمم کرد لەبەر تووڕەییم،ئەو پاڵەوانانەی دڵخۆشن بە سەرکەوتنم. 4 گوێ بگرن، دەنگی هەراوهۆریا لە چیاکان دێت،وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر!گوێ بگرن، دەنگی هاتوهەرای شانشینەکان دێت،وەک دەنگی نەتەوەکان کۆبوونەتەوە!یەزدانی سوپاسالارسوپایان لێ پێکدەهێنێت بۆ جەنگ! 5 لە خاکێکی دوورەوە دێن،لەوپەڕی ئاسمانەوە دێن،یەزدان و چەکەکانی تووڕەیی،بۆ تێکوپێکدانی سەراپای زەوی. 6 واوەیلا بکەن، چونکە ڕۆژی یەزدان نزیک بووەتەوە،وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بەتواناوە دێت. 7 لەبەر ئەوە هەموو دەستەکان شل دەبن،هەموو دڵێکی مرۆڤ دەتوێتەوە. 8 ڕادەچڵەکێن،ئازار و ژان دەیانگرێت،وەک منداڵبوو دەتلێنەوە.پیاو واقی وڕدەمێنێت لە هاوڕێکەی،ڕوویان وەک ڕووی گڕی ئاگرە. 9 ئەوەتا ڕۆژی یەزدان دێت،سەختە، توندوتیژ و تووڕەیی بە جۆشە،بۆ ئەوەی زەوی وێران بکات وگوناهبارانی لێ ببڕێتەوە. 10 ئەستێرەکانی ئاسمان و کەلووەکانیڕووناکییان دەرناخەن،خۆر لە کاتی هەڵاتنی تاریک دادێت،مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە. 11 سزای جیهان دەدەم لەسەر خراپەکەی،بەدکارانیش لەسەر تاوانەکانیان،کۆتایی دەهێنم بە فیزی لووتبەرزان وسەری بێ ویژدانەکان شۆڕ دەکەم. 12 مرۆڤ لە زێڕی بێگەرد دەگمەنتر دەکەم وئادەمیزادیش لە زێڕی ئۆفیر. 13 لەبەر ئەوە ئاسمان دەهەژێنم وزەویش لە شوێنی خۆی دەلەرزێت،لەبەر تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار ولە ڕۆژی هەڵچوونی تووڕەییەکەی. 14 وەک مامزی ڕاونراو دەبێت ووەک ڕانە مەڕ کەس نەبێت کۆی بکاتەوە،هەرکەسە ڕوو لە گەلەکەی خۆی دەکات وهەرکەسە بەرەو خاکەکەی خۆی هەڵدێت. 15 ئەوەی بدۆزرێتەوە دەدرێتە بەر خەنجەر وئەوەی بگیرێت بە شمشێر دەکوژرێت. 16 منداڵەکانیان لەبەرچاویان پارچەپارچە دەکرێن وماڵیان تاڵان دەکرێت و ژنەکانیان زەوت دەکرێن. 17 ئەوەتا من مادەکان لە دژیان هەڵدەستێنم،ئەوانەی گوێ بە زیو نادەن وکەیفیان بە زێڕ نایەت. 18 کەوانەکانیان لاوان تێکدەشکێنن،بەزەییان بە کۆرپەکاندا نایەتەوە،دڵیان بە منداڵان ناسووتێت. 19 بابلی شکۆمەندی شانشینەکان وجوانی شانازی کلدانییەکانوەک سەدۆم و عەمۆرا دەبێت،کە لەلایەن خوداوە سەرەوژێر کرابێت. 20 هەتاهەتایە ئاوەدان ناکرێتەوە ونەوە دوای نەوە کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت،عەرەب لەوێ دەوار هەڵنادات،شوانەکان لەوێ مێگەل مۆڵ نادەن. 21 بەڵام لەوێ دڕندە بیابانییەکان ڕادەکشێن،چەقەڵ خانووەکانی پڕ دەکەن؛کوندەپەپوو لەوێ نیشتەجێ دەبێت،تەگە لەوێ سەما دەکەن. 22 کەمتیار لەناو قەڵاکانی بابل دەلوورێنێت،چەقەڵیش لەناو کۆشکەکانی.کاتەکەی نزیکە بۆ هاتن،ڕۆژگاری درێژە ناکێشێت.