Revelation 4 (BOKSSV)
1 پاش ئەمە تەماشام کرد دەرگایەکی کراوەم بینی لە ئاسماندا، ئەو دەنگەش کە یەکەم جار وەک کەڕەنا هاتە گوێم، پێی فەرمووم: «سەربکەوە بۆ ئێرە، ئەوەت پیشان دەدەم کە دوای ئەمە پێویستە ڕووبدات.» 2 دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و تەختێکم بینی لە ئاسمان دانرابوو، لەسەر تەختەکەش یەکێک دانیشتبوو. 3 ڕوخساری دانیشتووەکە لە بەردی یەشب و یاقووتی سوور دەچوو، پەلکەزێڕینەیەکیش وەک زمروود لە دەوری تەختەکە دەدرەوشایەوە. 4 لە دەوری تەختەکەش بیست و چوار تەخت هەبوون، بیست و چوار پیریش کە جلی سپییان پۆشی بوو لەسەر تەختەکان دانیشتبوون و تاجی زێڕینیان لەسەر بوو. 5 لە تەختەکەوە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە دەهات، لەبەردەم تەختەکەش حەوت چرای ئاگرین دەسووتان، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان. 6 لەبەردەم تەختەکەش شوێنێکی وەک دەریایەکی شووشەیی هەبوو، وەک کریستاڵ.لەناوەڕاست، لە دەوروبەری تەختەکە چوار بوونەوەر هەبوون، لەپێش و پاش بە چاو داپۆشرا بوون. 7 بوونەوەری یەکەم وەک شێر بوو، دووەم بوونەوەر وەک جوانەگا، سێیەم بوونەوەر ڕوخسارێکی وەک مرۆڤی هەبوو، چوارەم بوونەوەر وەک هەڵۆیەکی فڕیو بوو. 8 چوار بوونەوەرەکە هەریەکەیان شەش باڵی هەبوو، دەوروبەر و ژێر باڵیشیان بە چاو داپۆشرابوو. شەو و ڕۆژ بێ وەستان دەڵێن:«پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە،خودای پەروەردگاری هەرە بەتوانا،ئەوەی هەبووە و هەیە و دێت.» 9 هەر کاتێک بوونەوەرەکان شکۆ و ڕێز و سوپاسی دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەن، کە هەتاهەتایە زیندووە، 10 بیست و چوار پیرەکەی بەردەم دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەون و کڕنۆش بۆ زیندووی هەتاهەتایی دەبەن و تاجەکانیان لەبەردەم تەختەکە فڕێدەدەن و دەڵێن: 11 «ئەی خودای پەروەردگارمان، تۆ شایانی ئەوەی شکۆ و ڕێز و توانا وەربگریت،چونکە تۆ هەموو شتێکت بەدیهێناوە،بە خواستی تۆش هەن و بەدیهێنران.»