Isaiah 58 (BOKSSV)
1 «پڕ بە گەرووت هاوار بکە و مەیگەڕێنەوە،وەک کەڕەنا دەنگت بەرز بکەوە!یاخیبوونەکەی گەلەکەم بە خۆیان ڕابگەیەنە،گوناهەکانی بنەماڵەی یاقوبیش بە خۆیان. 2 ڕۆژ بە ڕۆژ داوای من دەکەن وخۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ زانینی ڕێگاکانم،وەک نەتەوەیەک ڕاستودروستی ئەنجام دابێت وحوکمەکانی خودای خۆیان پشتگوێ نەخستبێت.داوای حوکمەکانی ڕاستودروستیم لێ دەکەن وخۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ نزیکبوونەوە لە خودا. 3 دەڵێن: ”بۆچی بەڕۆژوو بووین و سەیرت نەکردین،خۆمان زەلیل کرد و پێت نەزانین؟“ «وا لە ڕۆژی بەڕۆژوبوونتان خۆشی دەبینن وهەموو کرێکارەکانتان دەچەوسێننەوە. 4 وا سەرئەنجامی ڕوژووگرتنتان دەبێتە شەڕ و ناکۆکی،بە خراپە مست لە یەکتری دەوەشێنن.ئەمڕۆ بەڕۆژوو نابنبۆ ئەوەی لە ئاسمان دەنگتان ببیسترێت. 5 ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووەیە کە من دەمەوێت؟مرۆڤ تەنها ڕۆژێک گیانی خۆی زەلیل دەکات،وەک زەل سەری دادەنەوێنێت ولەسەر گوش و خۆڵەمێش ڕادەکشێت؟ئایا ئەمە ناو دەنێیت ڕۆژوو،یان ڕۆژێکی پەسەند لەلای یەزدان؟ 6 «ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووە نییە کە من دەمەوێت،کۆتی ستەمکاری بکرێتەوە وگرێیەکانی نیر شل بکرێنەوە،چەوساوەکان بەڕەڵا بکرێن وهەموو نیرێک بشکێنن؟ 7 ئایا ئەوە نییە کە نانی خۆت بۆ برسی لەت بکەیت وهەژارە بێ لانەکان ببەیتە ماڵەوە،کە ڕووتێکت بینی پۆشتەی بکەیت وخۆت لە خزمەکانی خۆت نەشاریتەوە؟ 8 ئەوسا ڕووناکیت وەک بەیان پڕشنگ دەداتەوە،تەندروستیت بە خێرایی چرۆ دەکات،ڕاستودروستیت لەپێشتەوە دەڕوات وشکۆمەندی یەزدانیش پاشڕەو و پارێزەری تۆیە. 9 ئەوسا هاوار دەکەیت و یەزدان وەڵام دەداتەوە،هاواری فریاکەوتن دەکەیت، ئەویش پێت دەفەرموێت: ئەوەتام. «ئەگەر بەرگی ستەم لە خۆت داماڵیت وواز لە قسەی بەد و تاوانبارکردنی خەڵکی بهێنیت، 10 هەروەها ئەگەر خۆت بۆ برسی ماندوو بکەیت وپێداویستی زەلیل دابین بکەیت،ئاوا ڕووناکیت لەناو تاریکی دەدرەوشێتەوە وتاریکی ئەنگوستەچاوت وەک نیوەڕۆ دەبێت. 11 یەزدان هەمیشە ڕێنماییت دەکات ولە خاکی ڕووتەندا گیانت تێر دەکات وجەستەت بەهێز دەکات.وەک باخچەیەکی تێر ئاوت لێدێت،کانییەک کە ئاوی لێ نەبڕێت. 12 گەلی تۆ کەلاوە داڕووخاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە،بناغەکان هەڵدەستێننەوە، کە لە نەوەکانی پێشووەوەیە،ئینجا ناوت لێ دەنێن، ”بنیادنەرەوەی شوورا“ و”ئاوەدانکەرەوەی کۆڵانەکان“. 13 «ئەگەر بە پێیەکانت ڕۆژی شەممەت نەشکاند،لە ڕۆژی پیرۆزم بە ئارەزووی خۆت نەکەیت،ئەگەر ڕۆژی شەممە بە ڕۆژی خۆشی دابنێیت وڕۆژی پیرۆزی یەزدان، ڕێزدارە،ئەگەر ڕێزی لێ بگریت بەوەی ڕێگای خۆت ئەنجام نەدەیت وبەدوای خۆشی خۆتەوە نەبیت و قسەکانی خۆت نەکەیت، 14 ئەوسا خۆشی لە یەزدان دەبینیت وسواری بەرزاییەکانی زەویت دەکەم ومیراتەکەی یاقوبی باوکت دەرخوارد دەدەم.»یەزدان بە دەمی خۆی فەرمووی.