Job 39 (BOKSSV)
1 «ئایا دەزانیت کەی بزنە کێوییەکان دەزێن؟یان تێبینیت کردووە ئەو کاتەی کە ئاسک ژان دەیگرێت؟ 2 ئایا مانگەکانی ئاوسبوونی دەژمێریتیان کاتی زاوزێکردنیان دەزانیت؟ 3 چۆک دادەدەن و پاڵ بە ئازارەکانیانەوە دەنێن وبەچکەکانیان دەبێت. 4 بەچکەکانیان لە چۆڵەوانی بەهێز و گەورە دەبن؛دەڕۆن و ئیتر ناگەڕێنەوە لایان. 5 «کێ کەرەکێوی بەڕەڵا کرد ومێخ زنجیری ئەو کێوییەی کردەوە؟ 6 ئەوەی چۆڵەوانیم کرد بە ماڵی وخوێڵێنم کردە ژینگەی. 7 بە دەنگەدەنگی شار پێدەکەنێت،گوێی لە هاواری لێخوڕ نابێت. 8 لە چیاکاندا بەدوای لەوەڕگادا دەگەڕێت،بۆ دۆزینەوەی هەموو سەوزاییەک. 9 «ئایا گای کێوی ڕازی دەبێت خزمەتت بکاتیان بە شەو لەلای ئاخوڕەکەت بمێنێتەوە؟ 10 ئایا دەتوانیت گای کێوی بە گاسنەوە ببەستیتەوە و جووتی پێ بکەیت؟ئایا بەدواتدا دێت دۆڵەکان خەرتە بکات؟ 11 ئایا پشتی پێ دەبەستیت، چونکە هێزەکەی مەزنەیان کارەکەی خۆتی بۆ بەجێدەهێڵیت؟ 12 ئایا متمانەی پێ دەکەیت کە دەغڵودانەکەت بهێنێت وبۆ سەر جۆخینەکەت کۆی بکاتەوە؟ 13 «بە خۆشییەوە وشترمرغ باڵەفڕکێ دەکات،ئایا پەڕوباڵەکەی وەک لەقلەق پیرۆزە؟ 14 وشترمرغ هێلکەکەی لەسەر زەوی بەجێدەهێڵێت وخۆڵ گەرمیان دادەهێنێت، 15 لەبیری دەچێت کە پێ وردوخاشی دەکات وئاژەڵی کێوی پێی پێدا دەنێن. 16 لەگەڵ بەچکەکانی دڵڕەقە وەک ئەوەی بەچکەی ئەو نەبن؛گوێی ناداتێ کە ماندووبوونەکەی بێهوودە دەڕوات، 17 چونکە خودا دانایی لەبیر بردووەتەوە،لە تێگەیشتن بەشی نەداوە. 18 کاتێک پەڕەکانی فش دەکاتەوە بۆ ڕاکردن،بە ئەسپ و بە سوارەکەی پێدەکەنێت. 19 «ئایا تۆ هێز بە ئەسپ دەدەیتیان ملی بە یاڵ دادەپۆشیت؟ 20 ئایا وای لێ دەکەیت کە وەک کوللە قەڵەمباز بدات ودەنگی حیلەکەی تۆقێنەر بێت؟ 21 بە توندی سم بە زەویدا بکوتێت، بە هێزەوە دەربپەڕێت،بەرەو مەیدانی جەنگ مل بنێت. 22 بە ترس پێبکەنێت و نەتۆقێت؛لە ڕووی شمشێر نەگەڕێتەوە. 23 تیردان شەقەشەقی بێت وخەنجەر و نووکی ڕم ببریسکێنەوە. 24 بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە غار دەدات،هەتا کاتی لێدانی کەڕەنا خۆی پێ ڕاناگیرێت. 25 لە کاتی فووکردن بە کەڕەنادا دەڵێت: ”ئەها!“لە دوورەوە بۆنی شەڕ دەکات،هاواری سەرکردەکان و نەعرەتەی جەنگ. 26 «ئایا لە تێگەیشتنی تۆدایە هەڵۆ بفڕێت وڕووەو باشوور باڵەکانی بکاتەوە؟ 27 یان بە فەرمانی تۆیە هەڵۆ بەرز بفڕێت وهێلانەکەی لە بەرزی دابنێت؟ 28 لەسەر لووتکەی چیا نیشتەجێ دەبێت و بە شەو دەمێنێتەوە،هەڵدێری بەردەڵان قەڵاکەیەتی. 29 لەوێوە نێچیری خۆی دەدۆزێتەوە وچاوەکانی لە دوورەوە دەبینن. 30 بەچکەکانی خوێن هەڵدەمژن،لە هەرکوێ کوژراوی لێ بێت، ئەو لەوێیە.»