Revelation 7 (BOKSSV)
1 پاش ئەمە چوار فریشتەم بینی لەسەر هەر چوار گۆشەی زەوی ڕاوەستابوون، چوار بایەکەی زەوییان گرتبوو تاکو بۆ سەر زەوی و سەر دەریا و سەر هیچ درەختێک هەڵنەکەن. 2 فریشتەیەکی دیکەشم بینی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەردەکەوت مۆری خودای زیندووی پێبوو، بە دەنگێکی بەرز بانگی چوار فریشتەکەی کرد کە توانایان پێدرابوو زیان بە زەوی و دەریا بگەیەنن و گوتی: 3 «زیان بە زەوی و دەریا و درەخت مەگەیەنن هەتا نێوچەوانی بەندەکانی خودامان مۆر دەکەین.» 4 گوێم لێبوو کە ژمارەی مۆرکراوان لە هەموو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل سەد و چل و چوار هەزارە. 5 لە هۆزی یەهودا دوازدە هەزار مۆرکراو،لە هۆزی ڕەئوبێن دوازدە هەزار،لە هۆزی گاد دوازدە هەزار، 6 لە هۆزی ئاشێر دوازدە هەزار،لە هۆزی نەفتالی دوازدە هەزار،لە هۆزی مەنەشە دوازدە هەزار، 7 لە هۆزی شیمۆن دوازدە هەزار،لە هۆزی لێڤی دوازدە هەزار،لە هۆزی یەساخار دوازدە هەزار، 8 لە هۆزی زەبولون دوازدە هەزار،لە هۆزی یوسف دوازدە هەزار،لە هۆزی بنیامین دوازدە هەزار مۆرکراو. 9 پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات، لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو، 10 بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد و دەیانگوت:«ڕزگاری هی خودامانە،کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە وهی بەرخەکەیە.» 11 هەموو فریشتەکان لە دەوری تەختەکە ڕاوەستابوون، پیرەکان و چوار بوونەوەرەکە، لەبەردەم تەختەکە بە ڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، 12 دەیانگوت:«ئامین!ستایش و شکۆ و دانایی وسوپاس و ڕێز و هێز و توانابۆ خودامانە، هەتاهەتایە!ئامین!» 13 دوایی یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئەم سپی پۆشانە کێن و لەکوێوە هاتوون؟» 14 منیش پێم گوت: «گەورەم، تۆ دەزانیت.»پێی گوتم: «ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە. 15 بۆیە«لەبەردەم تەختی خودان وشەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن ودانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت. 16 ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو،نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر، 17 چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانایەتییان دەکات وبەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات،خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»