Job 15 (BOKSSV)
1 ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە: 2 «ئایا کەسی دانا بە نەزانی وەڵام دەداتەوە ومێشکی بە شتی هیچوپووچ پڕ دەکات؟ 3 ئایا بە قسەی بێ سوود بەڵگە دێنێتەوە وبەو لێدوانانەی قازانجی لێ ناکات؟ 4 بەڵام تۆ لەخواترسی پێشێل دەکەیت وخەڵک لە خواپەرستی دوور دەخەیتەوە. 5 بێگومان گوناهەکانت دەمت فێر دەکەن وزمانی تەڵەکەبازی هەڵدەبژێریت. 6 زمانی خۆت تاوانبارت دەکات، نەک من،لێوەکانت لە دژت شایەتی دەدەن. 7 «ئایا تۆ یەکەم مرۆڤ بوویت لەدایک بوویت؟یان لەپێش گردەکانەوە دروستبوویت؟ 8 ئایا لە ئەنجومەنی خودا گوێت گرتبوو؟ئایا داناییت بە باڵای خۆتدا بڕیوە؟ 9 چی دەزانیت کە ئێمە نایزانین،چی تێدەگەیت کە لەلای ئێمە نەبێت؟ 10 پیر و ڕیش سپی وامان لەناودایە،تەمەنی لە باوکت زیاترە. 11 ئایا دڵنەواییەکانی خودا وبە نەرمی قسەکردن لەگەڵت کەمە؟ 12 بۆچی دڵت دەتبات وبۆچی چاوەکانت دەبریسکێنەوە، 13 بۆ ئەوەی ڕۆحت لە دژی خودا وەربگێڕیت وقسەی وا لە دەمت بهێنیتە دەرەوە؟ 14 «مرۆڤ کێیە هەتا بێگەرد بێت ولەدایکبوو لە ژن کێیە هەتا ڕاستودروست بێت؟ 15 ئەگەر خودا متمانە بە پیرۆزەکانی خۆی ناکات،کەواتە ئاسمان لەبەرچاوی بێگەرد نییە، 16 ئیتر مرۆڤ کە ناڕەوایی وەک ئاو دەخواتەوەدەبێت چەند قێزەون و گەندەڵ بێت؟ 17 «من پێت دەڵێم گوێم لێ بگرە،باسی ئەوە دەکەم کە بینیم، 18 ئەوەی دانایان لە باوباپیرانیانەوە پێیان ڕاگەیەنراوە وئەوانیش نەیانشاردووەتەوە، 19 ئەوانەی خاکەکە تەنها بەوان دراوە وهیچ نامۆیەک بەناویاندا تێنەپەڕیوە. 20 بەدکار ڕۆژانە دەتلێتەوە،ژمارەی ساڵانی ستەمکاریش دیاریکراوە. 21 دەنگێکی ترسناک لە گوێیەکانیەتی ولە ساتی ئاشتیدا تێکدەر بۆی دێت. 22 لەو باوەڕەدا نییە لە تاریکی دەگەڕێتەوە؛چاوەڕوانی شمشێرە. 23 ئەو وێڵە و دەبێتە نێچیری سیسارکە کەچەڵ،دەزانێت کە ڕۆژی تاریکی نزیکە. 24 تەنگانە و ئازار دەیتۆقێنن وبەسەریدا زاڵن وەک پاشایەکی ئامادە بۆ پەلاماردان، 25 چونکە بە تووڕەییەوە دەستی لە خودا ڕادەوەشێنێت،لە دژی خودای هەرە بەتوانا پاڵەوانیێتی نواند، 26 بە کەللەڕەقییەوە بەرەو ئەو ڕایکردبە قەڵغانە ئەستوور و بەهێزەکەیەوە. 27 «هەرچەندە دەموچاوی بە چەوری داپۆشی وناوقەدی خۆی بە پیو ئەستوور کرد، 28 بەڵام لە شارۆچکەی کاولبوو نیشتەجێ دەبێت،لەو ماڵانەی کەسی تێدا ناژیێت وخەریکن دەبنە کەلاوە. 29 لەمەودوا دەوڵەمەند نابێت و سامانەکەی جێگیر نابێت،دەستکەوتی لەناو زەویدا بەرفراوان نابێت. 30 لە تاریکی دەرباز نابێت،کڵپەی گڕێک پۆپکەکانی وشک دەکات وبە فووێکی دەمی نامێنێت. 31 جێی باوەڕ نابێتبە شتی پووچ وێڵ دەبێت،چونکە شتی پووچ دەبێت بە کرێیەکەی. 32 پێش ئەوەی ڕۆژی خۆی تەواو بێت،دەفەوتێت و گەڵاکەی سەوز نابێت. 33 وەک ترێ پەسیرەکانی دەکەوێت ووەک زەیتوون گوڵەکەی هەڵدەوەرێت. 34 کۆمەڵی خوانەناسان چۆڵوهۆڵ دەبێت،ئاگریش ڕەشماڵی بەرتیلخۆران دەسووتێنێت. 35 بە ئاژاوە دووگیان بوون و خراپەیان بۆ لەدایک دەبێت،سکیان پیلانی فێڵ و درۆ پێکدەهێنێت.»